گەرمیان، پێویستە یاساکان هەموار بکرێنەوە بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی
بەبۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ڕێکخراوەکانی ژنان لە کەلار کۆبوونەوە و ئاماژەیان بەوەدا کە دۆخی ژنان لە گەرمیان خراپە و پێویستە یاساکان هەموار بکرێنەوە و یاسای نوێ بۆ ڕێگری لە توندوتیژی دابنرێت.
گەرمیان
ئەمڕۆ لە پارکی مەشخەڵان لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ناوەندی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانانی گەرمیان، گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا ڕاگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە.
شەیما جەمال، بەناوی ڕێکخراوەکانی ژنان لە کۆنگرەکەدا بەیاننامەیەکی هاوبەشی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا کە لە جیهاندا لەم ڕۆژەدا چالاکی جۆراوجۆر بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەڕێوەدەچێت، ئێمەش بەردەوامی کاری خۆمان ڕادەگەیەنین و دووپاتی دەكەينەوە كە داكۆكيكارى مافەكانى ژنان بين و كاردەكەين بۆ بەدیهێنانی كوردستانێكى خاڵی لە توندوتیژی و پێشێلكارى مافی ژنان.
"ڕۆژانە تيرۆركردن، كوشتن، سوكايەتى و توندوتيژى دژ بە ژنان بەردەوامە، ئەمەش هەڕەشەيەكە نەك تەنها لە سەر ژنان، بەڵكو لەسەر ئاسايش و ئارامى كۆمەڵگاکەمان، بەردەوامى ئەم كارە ئەوە دەسەلمێنێت كە ئێمە لە هەرێمێكدا دەژين تاكو ئێستا مافى ژنان زامن نەکراوە و لە بەرژەوەندی پاراستنى ژناندا نییە".
شەیما باسی لەوەکرد کە پێویستە میکانیزمی خێرا و نەخشە ڕێگايەكى ورد بۆ بەرگرتن لە توندوتيژيەكان و پێشلكاريەكان لەم هەرێمەدا بەرامبەر مرۆڤەكان بەگشتى و ژنان بە تايبەت بگیرێتە بەر بۆ پاراستنى بەها مرۆڤايەتيیەكان و بەگژداچوونەوەى توندوتيژى.
لە بەیاننامەکەدا بە حەوت خاڵ داواکاریی خۆیان خستەڕوو:
١-ياسا سەروەر بێت و داواكارى گشتى ڕۆڵى بەرپرسيارێتى خۆي ببينێت لەو تاوانانەى بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێت .
٢-چارەسەركردنى قەيرانى ئابوری و بارى گوزەرانى خەڵك كە هۆكارێكە بۆ زيادبوونى كێشە كۆمەڵايەتيەكان .
٣-تاوانباران بەپێی ياسا سزا بدرێن و ياسا دوربێت لەدەستێوەردان.
٤-ئەو ياسايانەى كە لە پەرلەمان دەرچوون ئەگەر پێويست بوو هەموار بكرێتەوە و ياسای نوێ دەربكرێت بۆ ڕێگرىكردن لە توندوتيژى، پێويستە ليژنەى ئافرەتان و ليژنە پەيوەندىدارەكان ڕۆڵی خۆيان ببينن.
٥-ئەركى ڕێكخراوەكانى ژنان و ئافرەتانە كە ڕۆڵی خۆيان ببينن و زياتر كاربكەن بۆ وشيار كردنەوەى تاكەكانى كۆمەڵگا.
٦_ دۆخی پەناگەی داڵدەدانی ژنانی ھەڕەشەلێکراوی گەرمیان زۆر خراپە، لە رووی دابینکردنی پێداویستی و خزمەتگوزارییەکانەوە، بەشێوەیەک کە بە کۆمەک و ھاوکاری خێرخوازان بەڕێوەدەچێت. دەبێت دۆخی شەڵتەرەکە باش بکرێت و کەموکورتییەکانی دابین بکرێت و خزمەتگوزارییەکانی کارا بکرێتەوە.
ت.پ