کژار: تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل هێرشی سیستمی پیاوسالارە

کژار ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل لە باشووری کوردستان بەهێرشێکی دیکەی سیستمی پیاوسالاریی لە دژی ئایدۆلۆژیای ڕزگاریی ژنانە".

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژیی بڵاوکردەوە.

 

کژار لە ڕاگەیەندراوەکەدا ناگیهان ئاکارسەل وەها پێناسە دەکات: هاوڕێ ناگیهان یەکێک بوو لەو ژنە پێشەنگانەی، ژیانی پڕبوو لە چالاکیی و هەوڵدان. هاوڕێ ناگیهان هەزاران ژنی لە سەرانسەری کوردستان پەروەردە کردووە بۆ ئەوەی درک بە ڕاستیی شاراوەی هێزی سروشتیی خۆیان بکەن، هەمیشە هەوڵی بەرفراوانکردنی زانستی ژنۆلۆژیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدا”.

 

کژار تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل لە باشووری کوردستان بەهێرشێکی دیکەی سیستمی پیاوسالاریی لە دژی ئایدۆلۆژیای ڕزگاریی ژنان ناودەبات و دەشڵێت، “پێویستە ئاماژە بەوەبکرێت، کە ئەو ئەقڵییەتەی ژینا ئەمینیی و شلێر ڕەسوڵیی کوشت، هەمان ئەو ئەقڵەیەتەیە کە هاوڕێ ناگیهانی تیرۆرکردووە”.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، کژار ئاماژەی بە مێژووی زانستی ژنۆلۆژی کردووە، "کە زانستێکە ژنانی لە دەرەوەی هەموو جیاوازییەکان کۆکردووەتەوە و ژیانی واتادارتر کردووە". جەختیشیکردووەتەوە: "بەرزبوونەوەی دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ لە شۆڕشی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، دەرئەنجامێکی ئەو فەلسەفەیە، کە بنەماکانی زانستی ژنۆلۆژیی داڕشتووە”.

 

کۆمەڵگەیی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای شەرمەزارکردنی تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل، داوای ئاشکراکردنی تاوانبارانی ئەو تاوانە و هەموو ئەو تیرۆرانە دەکات، کە پێشەنگانی تێکۆشانی ئازادییان کردووەتە ئامانج.