گردبوونەوەی بەرفراوان بۆ چالاکوانانی بادینان ئەنجامدرا

لە بەشێکی زۆری شاروشارۆچکەکانی باشوری کوردستان دژی دواخستنی دادگایکردنی چالاکوانان و مانگرتنی چالاکوانان گردبوونەوەی بەرفراوان ئەنجامدرا.

لە بەشێکی زۆری شارو شارۆچکەکانی باشوری کوردستان دژی دواخستنی دادگایکردنی چالاکوانان و مانگرتنی چالاکوانان گردبوونەوەی بەرفراوان ئەنجامدرا.

سلێمانی - هەڵەبجە

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەردەم دادگای سلێمانی گردبوونەوەی بەرفراوان بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیران، مامۆستایانی ناڕازی، پارێزەران، ئەندامانی خولی پێشوی پەرلەمانی کوردستان، چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدرا.

لە گردبوونەوەکەی سلێمانیدا چەندین دروشمی وەک "هەموویان ئازاد بکەن، ئازادی بۆ گیراوانی بادینان، بژی بەرخۆدانی بادینان" دەوترایەوە، داوای ئازادکردنی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی بادینانیان دەکرد، پۆستەری وێنەی چالاکوانانیان بەدەستەوە گرتبوو.

 

لەلایەن سامان فایەق، مامۆستای ناڕازی و ئەندامی کەمپەینی "ئازادی بۆ گیراوانی بادینان" بەیاننامەیەک خوێندرایەوە، کە ئاڕاستی ڕای گشتی، دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کرد، تێیدا هاتبوو، "زیندانیانی بادینان ئەو کەسانەن کە بەهۆی خەمخۆری لە مافی گشتی و هاوڵاتیان لە زینداندان، بۆیە ناکرێت بە تەنها جێیان بهێڵین، ئەرکی هەمووانە خاوەندارێتیان لێبکەین، ئێستا بانگەشەی هەڵبژاردنە هەموو حزبەکانی خەریکی بانگەشەن، کەچی کەیسی زیندانیکراوانی بادینان فەرامۆشکراوە، یاخود بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاریان دەهێنن".

هەروەها ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، بەشێکیان پەڕاویان نییە، لای ئاسایش دەستبەسەرن، وەک شەڕێکی دەروونی دادگایکردنەکانیان دوادەخرێت، ئەمەش پشێلکردنی مافی مرۆڤە، داوایان کرد لە دەسەڵاتی دادوەری "داواکارین لە هەموو کەسانی ناو دەسەڵاتی دادوەری، کە ئەم کەیسە بە سیاسی و نادادی دەزانن، هەڵوێست دەرببڕن، بەو پێیەی ئەو کەیسە سیاسیە و سەرۆکی حکومەت پێش دادگا کەوت و بە ئاشکرا دەستێوەردان هەیە".

بە ئەرکی لایەنەکانی ناو حکومەت، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ئۆپۆزسیۆن، سەرۆکایەتی کۆماری عێراقیان زانی هەڵوێستی ڕوون و جدیان هەبێت، هاوکات داوایان لە کونسوڵی وڵاتان و ڕێکخراوەکان کرد کار و گوشاری پێویست بۆ کۆتایی هێنان بەم کەیسە سیاسییە بکەن.

 

دواتر کامەران عوسمان، ئەندامی ڕێکخراوی سی پی تی جیهانی کە بەردەوام چاودێری دۆخی زیندانیان و دادگایکردنی چالاکوانانی کردووە،وتی: "تەواوی ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ چالاکوانانی بادینان بێ بنەمان، هیچ دادوەرێکی سەربەخۆ بە پشتبەستن بەو بەڵگە لاوازانە کەس سزانادات، لە ئێستا دۆسیەی ٨ لەو زینداندیانە یەکلای کراوەتەوە، ١١ دۆسیە لە دادگادایە، ٦٢ چالاکوان وڕۆژنامەوان چاوەڕوانی دادگایین".

هاوکات ئاشکرای کرد، ئێستا دەسەڵات فشار دەخاتە سەر ٩ چالاکوان تا دانپێدانان بەو تۆمەتانە بکەن کە ئاڕاستەیان کراوە، بۆ ئەوەی ڤیدیۆیان بکەن و لە ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاوی بکەنەوە، داواش دەکەن "دادگاکان نەبنە ئامڕازی سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین".

ئەیهان سەعید، نوێنەری زیندانیکراوانی بادینان، ڕایگەیاند دۆخی چالاکوانانی بادینان زۆر خراپە، دەسەڵات شەڕی دەروونیان لەگەڵ دەکات، دەسەڵات بۆ بێدەنگکردنی بادینان چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان دەستگیردەکات، "بەڵام با دەسەڵات باش بزانێت قەت بادینان بێدەنگ نابێت و ناتوانن بیانترسێنن".

گردبوونەوەکە ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێکی خایاند، تێکڕای بەشداربووان ناڕەزایەتی خۆیان دژی دەستگیرکردنی ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانە دەربڕی، ڕازاو گوڵی ئەندامی پێشوی پەرلەمانی کوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەو چالاکوانانە بەبێ هیچ تاوانێک خراوتەنە زیندان، دەسەڵاتیش ئەوە دەزانێت، "ئێستا پێش هەڵبژاردنە ناتوانێت هیچ بڕیارێک دەربکات، بەڵام نابێت ئەمە قبوڵ بکرێت، ئەگەر چەندیدن جاریش دادگایی دوابخرێت ئێمە هەموومان دەبێت لەسەر شەقام بین".

لەبارەی ئەو ناڕازەیەتیانەی کە دەریدەبڕن، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، دەبێت هەموو گەنجان و کوردێک دەبێت بێنە سەرخەت، وتیشی: "ئەمە ئەوپەڕی بێ ڕێزی و نادادییە، ئەوان تەنها ویستیان خۆپیشاندان بکەن".

 

پەروین عەبدوڵا، مامۆستای ناڕازی، ڕەخنەی ئاڕاستەی مامۆستا و هاوڵاتیان کرد، کە نایەنە سەر شەقام و ناڕازیەتی خۆیان دژی نادادییەکان دەرنابڕن، هیواش دەخوازێت لە هەڵبژاردنەکاندا تۆڵەیان لێبکەنەوە.

 

هاوکات هەر پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە پارێزگای هەڵەبجەش هاوشێوەی شارەکانی دیکەی باشوری کوردستان، لەبەردەم دادگای هەڵەبجە، گردبونەوە دژی داگایکردنی ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانی بادینان بەڕێوەچوو داوای ئازادکردنیان کرا.

بەیاننامەی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان مەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن مامۆستا  موجاهيد حەمە ئەمین خوێندرایەوە وتی: "ئەمڕۆ جارێکی دیکە دادگاکانی دەسەڵات دوور لەبنەمای دادگەری و مافی مرۆڤ، پڕۆسەی دادگای ژمارەیەیەکی دیکەی چالاکوانان بەڕێوەدەچێت، بەبێ ڕەچاوکردنی مافی ئاسایی و سەرەتایی، مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و دۆخی ژیان و تەندروستیان زۆرخراپە، زیندانیانی بادینان ئەو کەسانەن بەهۆی بەرگری لەماف و خەمی گشتی، لەزینداندان، هەربۆیە ناکرێت بەتەنها جێیان بهێڵین، بەتایبەتیش ئەو کەسانەی بۆ داکۆکیکردن لەموچە خۆران لەزیندان توند کراون، بەم پێیەش ئەرکی هەموانە خاوەندارێتیان لێبکەین".