گەمارۆی سەر شەهبا کارەساتی ژیانی لێدەکەوێتەوە

بارودۆخی کۆچبەرانی عەفرین لە کانتۆنی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەهۆی گەمارۆی حکومەتی شام و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە مەترسیدارتر دەبێت و ناوچەکە ڕووبەڕوی کارەساتێکی گەورە دەبێتەوە.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- لە ساڵی ٢٠١٨ەوە، کۆچبەرانی عەفرین بەردەوامن لە بەرخۆدان و خەباتی خۆیان لە کانتۆنی شەهبا، بەهۆی گەمارۆی حکومەتی شام و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، دۆخەکەیان مەترسیدارتر دەبێت،  لەگەڵ ئەوەشدا، حکومەتی شام ڕێگە نادات پێداویستی ژیان بچێتە ناوچەکە، بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، خەڵک پێویستیان بە کارەبا هەیە، بەڵام سووتەمەنی بەردەست نییە، ڕۆژانە تەنها سێ کاتژمێر کارەبا دەدرێت سەبارەت بەو دۆخە خراپە، نەسرین جاوش، بەڕێوەبەری کۆمیتەی ژنانی دەستەی شارەوانی عەفرین-شەهبا و ژنانی عەفرین بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.

 

"گەمارۆ مەترسییەکی گەورە دروست دەکات"

نەسرین جاوش، بەڕێوەبەری کۆمیتەی ژنان لە دەستەی شارەوانی عەفرین-شەهبا وتی: هەرێمەکە بەناو ئاستەنگی ژیاندا تێدەپەڕێت، هێرشە داگیرکارییە بێ وەستانەکانی دەوڵەتی تورکیا و لە لایەکی دیکەشەوە گەمارۆی حکومەتی شام بۆ سەر شەهبا سەپێندراوە، پێداویستییەکانی ژیان و ئامڕازە بنەڕەتییەکانی وەک سووتەمەنی ڕێگە نادرێت بێتە هەرێمەکە، ئێمە ئێستا لە وەرزی هاوینداین و پلەی گەرما لە بەرزبوونەوەدایە، ئەو خەڵکە پێویستیان بە کارەبا هەیە، بەڵام بەهۆی گەمارۆکەی سەر ئێمە ناتوانین بە تەواوی پێداویستییەکانی گەل دابین بکەین.

 

"بەرخۆدانی ئێمە ناچەوسێندرێنەوە"

فاتمە عوسمان، کە بەهۆی داگیرکردنی دەوڵەتی تورکیاوە ناچاری کۆچکردن بۆ شەهبا بووە، باسی بارودۆخی خۆی کردو وتی: بەتەنها کۆچکردن نییە، بەڵکو گەمارۆ دراوین و هێرشمان کراوەتەسەر، دۆخی خەڵک لە کامپەکاندا بەهۆی گەرماو  نەبوونی پێداویستییەکانی ژیان مەترسیدارتر دەبێت، منداڵەکانمان بەهۆی بەرزی پلەی گەرماوە نەخۆشن و هیچ دەرمانێک نییە بۆ چارەسەرکردنیان، ئەوان دەیانەوێت بەم هێرشانە بەرخۆدانی ئێمە لە شەهبا سەرکوت بکەنم ئێمەی ژنانی عەفرین تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین و هەرگیز خۆڕادەستکردن قبوڵ ناکەین.

 

"کوا مافی کۆچبەران"

حەیات یوسف، کە خەڵکی شاری عەفرینە، تیشکی خستە سەر گەمارۆی حکومەتی شام بۆ سەر شەهبا و نەبوونی پێداویستییەکانی ژیان و وتی: لە سەرەتای کۆچکردنمانەوە، گەمارۆی حکومەتی شام بەسەرماندا سەپێندرا، بەڵام لەم دواییانەدا، ئەم گەمارۆیە زیادی کردووە، بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی هاویندا، و ئێمە ڕووبەڕووی چەندین کۆسپ و سەختی دەبینەوە، منداڵەکان لەژێر چادرەکاندا نەخۆش کەوتوون، گەرمە و کارەبا نییە، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بەهۆی ئەو گەمارۆیەی ئێستا و نەبوونی پێداویستییە تەندروستییەکان لە ناوچەکەدا گیانیان لەدەستداوە، کارەبا تەنها سێ کاتژمێرە لە رۆژێکدا، کەس چاوی لەم گەمارۆیە نییەو داوای مافی کۆچبەران ناکەن، هەمووان بێدەنگن مافی کۆچبەران لە کوێیە؟.