گەلی قامیشلۆ پشتیوانی بەرخۆدانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دەکەن
دانیشتووانی شاری قامیشلۆ بۆ پشتیوانی لە گەلی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە وبەنی زەید ڕێپێوانێکیان ڕێکخست. ئەو دانیشتووانە دەڵێن: وەک چۆن لە کۆبانی شکستیان هێنا، لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەش شکستیان پێدەهێنن.
قامیشلۆ
لە ٦ی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە چەتە جیهادییەکانی هەتەشە و چەتەکانی حەمزات و ئیمسات کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن، هێرش دەکەنە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە و بەنی زەید لە شاری حەلەب. لەئەنجامی ئەو هێرشانەدا، ٨ هاوڵاتی مەدەنی کە ژن و منداڵیان تێدایە، گیانیان لەدەستداوە و ٥٧ی دیکەش برینداربوون. هێرشەکان بۆ سەر هەر سێ گەڕەکەکە بە توندی بەردەوامن، گەڕەکەکان گەمارۆدراون. دۆخی مرۆیی لە گەڕەکەکان خراپتر دەبێت.
لە ٦ی ئەم مانگەوە چالاکییەکان لە سەرانسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەدەچن، ئەمڕۆ هێزەکانی ناوچەکە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان و پاراستنی گیانی هاوڵاتیان لەسەر شەقامەکان بوون. یەکێک لەو ناوەندانەی چالاکیی جەماوەری تێدا بەڕێوەچوو، شاری قامیشلۆیە لە کانتۆنی جزیرە.
ئەو دانیشتووانەی کە هاتنە سەر شەقامەکان بە دروشمی "بژی بەرخۆدانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە" بە بەشداری هەزاران هاوڵاتی ڕێپێوانیان کرد. ڕێپێوانەکە لە بەردەم بازنەی سۆنی تا یاریگای شەهیدانی ١٢ی ئادار بەردەوام بوو.
پاشان بەناوی دەستپێشخەریی گەلی هەرێمەوە، وەلید دەنکیلی قسەی کردو هێرشەکانی سەر شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی ئیدانە کرد و وتی: هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ داستانێکی قارەمانانە دەنووسن، ئیدارەی کاتی لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات، لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا خەڵکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دەیانەوێت بە کەرامەت و ئاشتیەوە بژین، بەڵام ئەم چەتانەی سەر بە دەوڵەتی تورکیان ڕێگەمان پێنادەن بە ئارامی بژین. ئەمە سێیەم جارە هێرشی دڕندانە بۆ سەر ئەم گەلە ئەنجام دەدەن. بەم هێرشانە ناتوانن ئیرادەی گەلەکەمان بشکێنن، شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دەبنە کۆبانی دووەم. هەروەک چۆن لە کۆبانی شکستیان هێنا، لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیەشدا شکست دەهێنن. بڕیاری ئێمە ئەوەیە کە گەڕانەوە بۆ ئێمە نییە، لەسەر بنەمای پڕۆژەی برایەتی گەلان و نەتەوەیەکی دیموکراتتیکمانە. هەر بۆیە دەڵێین هیچ ڕێگەیەک نییە بۆ ئەوەی هەنگاوێک بۆ دواوە بچین، بەرخۆدان دەکەین.
ڕێپێوانەکە بە دروشمی "بژی بەرخۆدانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە" کۆتایی هات.