"گەلی کەناراوەکانی سووریا پێویستیان بە هاوکاری بەپەلە هەیە"

فادیە لەهام، سەرۆکی ڕێکخستی کەنیسەی مار یەعقوب لە سووریا، ئاماژەی بەوەدا کە خەڵکی ناوچەی کەنارەکانی سووریا زۆر پێویستیان بە یارمەتی هەیە.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە-ڕۆژی ٢٣ئادار، دەستپێشخەری گەل بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە هەڵمەتی هاوکاریی خۆی بڵاوکردەوە کە بۆ دانیشتوانی کەناراوەکانی سووریا دەستیپێکرد، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم هەڵمەتە لە وەڵامی بانگەوازێکی بەپەلەی دانیشتووانی کەناراوەکانی سووریا ئەنجامدراوە. ڕۆژی ١٤ی ئادار بە بەشداری چالاکانەی مانگی سووری کورد، کۆنگرەی ستار، ڕێکخراوی سارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، پارتی یەکێتی دیموکراتیک، کەنیسەی مار یەعقوب و کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا، هەڵمەتێکی هاوکاری مرۆیی دەستیپێکرد.

 

کاروانی هاوکارییەکان لە ١٧ی ئاداردا بەڕێکەوت. کاروانەکە شەش هەزار و ٣٥ پاکێجی هاوکاری لەخۆگرتبوو، ئەم پاکەتانە خواردن و ئاردی تێدابوو. هاوکاری بەسەر دانیشتووانی کەناراوەکانی سووریا دابەشکرا.

 

فادیە لەهام سەرۆکی ڕێکخستنی کەنیسەی مار یەعقوب لە سووریا سەبارەت بەو پرسە بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو ئاماژەی بەوەدا کە ئامانجی سەرەکی ئەوەیە بتوانن هاوکاری هەموو خەڵک بکەن، ڕێکخستنی دێر مار یەعقوب لە ساڵی ٢٠١٩ەوە لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کاردەکات، لە هۆل و تل تەمر و لە هەر شوێنێک هاوکاری پێویست بێت هاوکاری مانگی سووری کورد دەکەین.

 

"کەمپینەکە سەرکەوتوو بوو، دانیشتووان پێویستی بەردەوامیان هەیە"

 فادیە ڕایگەیاند کە هەڵمەتەکە سەرکەوتووانە ئامانجی خۆی بەدەستهێناوە و پێویستە بەردەوام بێت و وتی: من خۆم لە لوبنان دەژیم، هاتوومەتە سەردانێک بۆ خۆبەڕێوەبەری و گفتوگۆ لەسەر دابەشکردنی هاوکارییەکان ئەنجام بدەم، وترا کە هەڵمەتێک دەستیپێکردووە بۆ یارمەتیدانی کەناراوەکانی سووریا، ئەم بابەتە بۆ ئێمە گرنگە، ئێمە ویستمان لەم هەڵمەتەدا جێگەی خۆمان بگرین، ​​ئەرکی ئێمە لەم هەڵمەتەدا ڕێگا و گەیاندنی هاوکاری بۆ کەناراوەکانی سووریا هەروەها جێبەجێکردنی و دابەشکردنی بەسەر دانیشتووانی ئەو وڵاتەدا بەپێی ئەو لیستەی کە ئامادەکراوە بێگومان هەر هەڵمەتێک کە دەست پێدەکات سەختی و دژواری خۆی هەیە بەڵام هەڵمەتەکەمان سەرکەوتوو بوو، بینیمان پێداویستییەکانی دانیشتووان چۆنە، بۆیە پێویستە بەردەوام بین.

 

"کەمپینەکە وێنەیەکی جوانی هاوپشتی گەلی سووریای نیشان دا"

 فادیە لەهام جەختی لە گرنگی درێژەدان بە هەڵمەتەکە کردەوە و وتی: ئەم هەڵمەتە وێنەیەکی جوانی هاودەنگی و یەکڕیزی گەلی سووریا نیشان دەدات، ئەو ڕێککەوتنەی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە نێوان قەسەدەو حکومەتی کاتی لە شام ئەنجامدرا، ڕێگەی بۆ ئاشتەوایی و هاوکاری و یەکگرتوویی خاکی سووریا کردۆتەوە. سوپاسی ئەو کەسانە دەکەین کە بەشداریان لەم هەڵمەتەدا کردووە و پارەیان داوە، ڕێگەی گەیشتن بە ئامانجەکانی، و پێویستی دەبینین کە خەڵک بەردەوام بن لەم هەڵمەتە.

 

'ژنان ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە سیستمی خۆبەڕێوەبەرییدا"

 فادیە ئاماژەی بەوە کردووە کە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بوارێکی شۆڕشگێڕانەیە بە ڕۆڵ و ئامادەبوونی ژنان و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: دیدگای شۆڕشگێڕانە بۆ ژنان لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەرنجڕاکێش و نموونەیی بۆ من وایە، ەیامێکە بۆ جیهان کە دەڵێت ژنان ئیرادە و هێزیان هەیە و دەتوانن لە هەموو بوارێکدا جێگەی خۆیان بگرنەوە و ڕۆڵی خۆیان بە سەرکەوتوویی بگێڕن، سیستمی هاوسەرۆکایەتی خۆبەڕێوەبەری کە تێیدا ژن و پیاو یەکسانن و بە هاوبەشی ناوەند بەڕێوەدەبەن، نموونەیی و پێویستە بۆ جیهان نموونە بێت، چونکە یەکسانی نێوان ڕەگەزەکان بنەڕەتییە. لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ژنان لە هەموو بوارێکدا بەشداری دەکەن و ناسنامەی خۆیان وەک ژن دەپارێزن، ئەوان ڕۆڵی سەرەکییان لە خۆبەڕیوەبەری هەیە. دەمەوێت بچم باسی ئەم ئەزموونە بکەم. چونکە بەڕاستی مەیدانێکی شۆڕشگێڕانەیە.