گەلاوێژ پەیڕەوان: شۆرشى ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە
گەلاویژ پەیڕەوان، پتشمەرگەی حزبی دیموکرات دەڵێت: شۆرشى ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامەو ئەرکەکەمان قورسترە پێویستە ئەو شۆرشە سەربخەین، دەبێت کورد لەهەر چوارپارچەی کوردستان یەکگرتوو بن.
شیا کۆیى
کۆیە- پێنج هێزی سیاسیی کوردیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بریتی بوون لە پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان "پژاک"، پارتی ئازادیی کوردستان، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان. گەیشتن بە یەکگرتنێکی سیاسیی و بەرنامەیەکی هاوبەشی کاری پێکەوەیی لە داهاتووی ئێراندا، یەکەمجارە لە مێژووی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان حزب و سەرکردە سیاسییەکان لەسەر پڕۆژەیەکی هاوبەشی نەتەوەیی ڕێک دەکەون، ئەمە وا دەکات لە داهاتوودا حزبەکان لە ڕۆژهەڵات لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا یەک هەڵوێست و یەک دیدگای هاوبەشیان هەبێت، یەکێکی تر لە لایەنە گرنگەکانی ئەم هاوپەیمانییەتە ئەوەیە لە هەر پێشهات و قۆناغ و گۆڕانکارییەکدا، کورد خاوەن پڕۆژە و دیدگایەکی هاوبەشی خۆیەتى کە دەبێتە پڕۆژەیەکی جێگرەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا، بەجۆرێک کورد لە کاتی داواکارییەکانیدا سەرگەردان نابێت و بێ پڕۆژە نابێت.
گەلاویژ پەیڕەوان، پێشمەرگەو کادیری حزبی دیمکراتی کوردستانى ئێران سەبارەت بە گرنگى یەکگرتنى پێنج حزبە کوردیەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێکهێنانی هاوپەیمانی هەڵسەنگاندنی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.
"هاوپەیمانییەکە بەرهەمی چەندین ساڵی کارو خەباتە"
گەڵاوێژ پەیڕەوان وتی: یەکگرتنی کورد لەهەموو کات گرنگە و پێویستە ناو ماڵى کورد یەکگرتووبن لەهەرکات و بارودۆخێکداو لەهەر پارچەیەکى کوردستان گرنگە، خۆ گەر لە هەرچوار پارچەى کوردستان بێت باشتریشەم تا بەدوژمنانى کورد بڵێین بەدواى مافى خۆمانەوەین و هەموو ئەو کوشتن و لە سێدارەدانانەى بەرامبەرمان کراوە سڵى نەکردوینەوە لە مافى خۆمان، بەڵکو سوورتر بووین لەسەر بەدەستهێنانى مافەکانمان، لەهەر ساتێکدا سەرجەم لایەنە سیاسیەکان لە هەرچوار پارچەى کوردستان پێویستە یەکگرتوو بن، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان، سەبارەت بەو یەکگرتنەى لەهەفتەى ڕابردوو لە نێوان پێنج حزبی رۆژهەڵات واژۆ کراوە، ئەوە بەرهەمى کارو چالاکى ساڵانێکى ئەو حزبانەیە و پێشتریش چەندین جار ئەو هاوپەیمانیە بەشێوەى جیاجیا هەبووە، وەک ناوەندى دیالۆک بەڵام ئێستا بارودۆخەکە گۆرانکارى خێراى بەسەرداهاتووە و پێویست بوو ئەوحزبانەش لەوکاتە یەکبگرن، ئەو هاوپەیمانیەیان واژۆ کردو هەوڵەکانیان یەکخست، تا خەباتمان بەئامانج بگات، هاوکات دواى ئەو واژۆ کردنە، هێرشێکى بەرفراوان لەلایەن دوو وڵاتى ئەمەریکاو ئیسرائیل دەستى پێکردوە بۆسەر ئێران و ئێران کەوتۆتە بارودۆخۆکى نالەبارەوە، کەواتە ئەو رێککەوتنەى کردمان لەئێستا زۆر پێویست بوو، هیوادارم ئەوانەشی پەیوەست نەبوون بەو هاوپەیمانیە ئیستا بێنە ناو ڕێکلەوتنەکە چونکە دەرگاى ڕێککەوتن دانەخراوە کراوەیە بۆ حزبە کوردیەکان و ئۆپۆزسیۆنى ئیرانیش بەگشتى تا ئەو هاوپەیمانیە بەهێزتر بکەین.
"شۆڕشی ژنان شۆڕشی پەنگخواردووی ساڵانێک بوو"
گەلاوێژ پەیڕەوان ئاماژەى بەوەشدا کە شۆرشى ژنان شۆرشێکى پەنگخواردووى ساڵانێک بوو کە ڕووبەڕووی زولم ستەم بۆوە، لە ڕۆژهەڵاتەوە ئەو شۆرشە سەرىهەڵدا، بەهۆى ئەوەى ژنێکی کورد بەناوى ژینا ئەمینى بەهۆى دەرکەوتنى چەند تاڵە مویەکى سەرى یان باڵا بۆشیەکەى بەدڵى ئەوان نەبوو شەهیدیان کرد، کەچى دەبینین ئیستا بۆخۆیان کە دێنە سەر شەقام هیچ ئەو باڵا پۆشیەیان نەکردووە، کەواتە دەرکەوتنى موى سەرى ژنێک بیانوو بوو بۆ شەهید کردنى، بابەتەکە تەنها کوردبوون بوو، چونکە بناغەى ئەو ڕژێمە لەسەر دژایەتى کردنى نەتەوەى کورد بووەم بۆیە هەمیشە هەوڵیان داوە کوردستان بچەوسێننەوە.
گەلاوێژ پەیرەوان جەختى کردەوە لەسەر ئامانجى کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان کە خەڵکەکەیان بەئازادى بژین وبەمافى خۆیان بگەن وتی: بەخۆشحالیەوە کە من پیشمەرگەى ئەو حزبەم ٨٠ ساڵە خەباتمان هەیە، ئێمە ڕابردوویەکمان هەیە لە خەبات وتێکۆشان بەژن و پیاوەوە، ئەگەر چەوساندنەوەى ژنەکانى دیکەى نەتەوەکانى دیکە لە ئێران بەجۆرێکە چەوساندنەوەى ژنانى کورد دوو بەرامبەرە، بۆیە دەبێت ژنان خەبات بکەن بۆ مافى خۆیان و ئازادى وەک تاکێک و بۆ شۆرش و خەباتى کورد و دەبێت ئەو دوو خەباتەى هاوتەریب بکات.
"دەبێت ئەو ڕژێمە بڕوات"
گەلاویژ پەیرەوان وتیشی: دروشمى ژن، ژیان. ئازادى، ئەو دروشمە لەسەر گۆرى ژینا ئەمینی وترایەوەو لەهەموو جیهان دەنگى دایەوە، بەدروشمێک دەبێت بڵێن ژنجرێکى دیکە خۆى پێناسەبکاتەوە، وەک چۆن لە ڕابردوو بەدەیان شێرە ژنمان هەیە لەمیرنشینەکان و خەباتى شۆرشگێرنەداو لەناو حزبە سیاسیکاندا لە هەرچوارپارچەى کوردستاندا کە شان بەشانى پیاوان لە خەبات و تێکۆشاندا بوونم ئەو شۆڕشەى ئێستا هەیە دریژکراوەى شۆڕشی ژینا ئەمینییە، بۆیە دەبێت ئەو رژێمە بڕوات و دەبینین بەهۆى لەناوچوونى زیاتر لە ٥٠ کەسى باڵا لە سەرانى ئەو ڕژێمە، خەڵک شایی دەکەن و خۆشى دەردەبڕن.
"ژنان ڕۆڵی کاریگەر دەبینن و ئەرکەکەمان قورسترە پێویستە ئەو شۆرشە سەربخەین"
لەکۆتایی قسەکانیدا گەلاویژ پەیڕەوان جەختى کردەوە کە کورد دەبێت زیاتر یەکگرتووبن لەهەرچوارپارچەى کوردستان، چونکە ئەو یەکگرتنە واىکرد کورد سەربکەوێت، وەک بینیمان کاتێک هەموو پێکەوە بۆ رۆژئاواى کوردستان کرا ئەو یەکگرتنە واىکرد ئەو زوڵمەى لە رۆژئاوا بەرامبەر بەکورد کرا بوەستێت، چونکە کەس پشتیوانى ئیمە نییە جگە لەخۆمان دەبێت خۆمان پاڵپشتى یەکبین و دەبینین ژنان هەمیشە لەخەبات بوون، بەڵام ئیستا دەبینین ژنان رۆڵى کاریگەر دەبینن، وەک هێزى پیشمەرگەى ژنانمان هەیە هێزی گەریلاى ژنان و شەڕڤانانمان هەیە، کەواتە ئێمە ئەرکەکەمان قورسترە پێویستە ئەو شۆرشە سەربخەین.