شەقایق خادەمی سزای ١٦ ساڵ و پەری ئاقایی سزای ١٢ ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێندرا

شەقایق خادەمی تەمەن ٢٣ ساڵ، دەستگیرکراوی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە بە ١٦ ساڵ  زیندانی سزادرا، هەروەها پەری ئاقایی بەهەمان هۆکار ١٢ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

ناوەندی هەواڵ

 

شەقایق خادەمی، یەکێک لە دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی گەلانی ئێران، لەلایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە بە سەرۆکایەتی سەلەواتی سزای ١٦ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا و دادگای دەوڵەتی ئیسلامی ڕێگەی نەداوە شەقایق پارێزەری هەبێت.

 

هەر بەپێی هەمان راپۆرت، شەقایق خادەمی تەمەنی ٢٣ ساڵە و بەهۆی خۆپیشاندانی جەماوەرییەوە ئەو سزایەی بەسەردا سەپێندراوە.

 

لە لایەکی دیکەوە، پەری ئاقایی کە ژمێریار و ڕاوێژکاری قوتابخانەیەکی قازانج نەویستە، بۆ ماوەی ١٢ ساڵ سزای زیندانیکردنی بۆ دەرکراوە، لە دەرچوون قەدەغەکراوە، چالاکیشی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ قەدەغە کرا.

 

سزادانەکە بەم شێوەیەیە، بۆ ماوەی هەشت ساڵ بە تۆمەتی هاندانی گەندەڵی، ٤ ساڵ بە تۆمەتی هاندان بۆ کۆبوونەوە و پیلانگێڕانی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی، دوو ساڵ بێبەشکردن لە کار، قەدەغە کردنی کارکردن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا.

 

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە بڵاوکراوانە، پەری ئاقایی لە دوای ئاگادارکردنەوەی یەکێک لە دایک و باوکی خوێندکاران سەبارەت بە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم دواییە، لە ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ دەستگیرکرا و دوای مانگێک لە ١٥ی کانوونی یەکەم بە کەفالەت ئازادکرا.