ژنان لە سوەیدا: شکستی ئابووری کاریگەری لەسەر بەشەکان هەیە

ژنانی سوەیدا تیشکیان خستەسەر سیاسەتەکانی ئەم ساڵانەی دوایی حکومەت لە وڵاتەکەدا، ئاماژەیان بەوەکرد، تووشی شکستێکی ئابووری بوون کە بووەتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە بەشەکان کاریگەرییان لەسەربێت.

ڕوشێل جۆنیۆر

 

سوەیدا- تەڤگەرەکانی گەل لە سوەیدا کە دەستیان کردووە بە ناڕەزایەتیدان لە دژی حکومەتی شام و خراپی بارودۆخی ئابووری بەردەوامە، لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا چالاکوانان خۆپیشاندانیان دژ بە جێبەجێنەکردنی بڕیاری ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە تیایدا داوای ئاگربەستێکی خێرا لە سووریا و چارەسەرێکی سیاسی لە وڵاتەکەدا دەکات.

 

ئابووری لە ئاستی شکستدایە

ئامینە ئەبو عەساف، چالاکوان ئاماژەی بەوەدا، ئابوورییەکی شکستخواردوو لە سووریا هەیە، لیرەی سووریا هەموو ڕۆژێک بەهایەکی گەورە بەرامبەر دراوە بیانییەکان لەدەست دەدات، ئەمە نیشانەی داڕمانی ئابووریی وڵاتەکەیە و دابەزینێکی بەرچاو هەیە، نرخ هەنگاو بە هەنگاو بەرز دەبێتەوەو ئەو مووچەیەی دەدرێت پێداویستییەکانی ڕۆژانە پڕناکاتەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانەوە زۆرێک لە کرێکاران ناچاربوون واز لە کارەکانیان بهێنن و بچنە بازاڕی کاری سەربەخۆوە و زۆرێک لە مامۆستایان وانەی تایبەت دەڵێنەوە.

 

"کەرتی تەندروستی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە"

ئامینە ئەبو عەساف ئاماژەی بەوەکرد، بەرزبوونەوەی بەهای سووتەمەنی بووە هۆی وەستانی زۆرێک لە ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوە و وتی: هەروەها بووە هۆی داخستنی زۆرێک لە نانەواخانە و تاقیگەکان و کارگەکان لە شارەکەدا، کەرتی تەندروستی زیانی بەرکەوتووە، ژمارەیەک لە کارمەندانی تەندروستی کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات، نرخی دەرمانیش بەرزبووەتەوە، هەروەها جوتیاران دەستیان کردووە بە بەکارهێنانی ئاوی پیس بۆ ئاودێری کێڵگەکان، جگە لە کێشەی کەمی ئاو، بەرزی تێچووی کاری کشتوکاڵی و بڕینی درەختی سەروو ٧٠  ساڵ دەتوانێت ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان.

 

"پێویستە کۆتایی بە نادادپەروەری بێت"

ئیمان ئەبو عەساف، ڕۆژنامەنووس و پارێزەری مافەکانی مرۆڤ وتی: کەرتی ئابووری لە سووریا بەهۆی سیاسەتەکانی حکومەتەوە شکستی هێناوەو هیچ ئامانجێک نییە بۆ پەرەپێدان، حکومەت تەنها خۆی دەپارێزێت، هەروەها دەبینین کە زۆربەی ژێرخانەکان لەژێر دزی و وێرانکردندان، شێوازێکی خراپی بەڕێوەبردن هەیە، دۆخی ئابووری بەهۆی کۆچکردنی کرێکاران و شارەزایانەوە خراپتر بووە، جوتیاران هەموو بارگرانییەکی بەرهەمهێنانیان هەیە، پێویستە ئەو نادادپەروەرییە کۆتایی پێبێت.

 

"گەندەڵی بووە هۆی داڕمان"

ئیمان ئەبو عەساف لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند، یەکێک لە هۆکارەکانی چالاکییەکانی گەل دژی گەندەڵی ئەوە بوو ئەوانەی هەوڵیان دەدا لێکۆڵینەوە لە قازانجی فرۆشتنی کانزاکان و نەوت و کەلوپەلەکانیان بکەن دەستگیرکراون. ئەگەر ئەم قازانجە بە شێوەیەکی گونجاو وەبەرهێنان بکرایە، ئەوا سووریا یەکێک دەبوو لە گرنگترین وڵاتان لەم ڕووەوە، بەڵام دەرکەوت کە قازانجەکە دەنێردرا بۆ دەسەڵاتداران یان بۆ دەرەوە، ئەمە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوویداوە، بە تایبەتی لەگەڵ زیادبوونی گەشەکردن، ئاشکرا کرا بەهۆی خراپبوونی میکانیزمەکانی دەرهێنانی ئاوەوە کە پەیوەستە بە کارەباوە کە بەگوێرەی ڕێنماییەکان دابینکراوە،  ئاستی پیسبوون و نەبوونی ئاوی پاک زیادی کردووە.