گیان لەدەستدان بە بوومەلەرزەکەی مەغریب گەیشتە دوو هەزار و ٩٠١ کەس

تادێت ژمارەی گیان لەدەستدان بە بوومەلەرزەکەی مەغریب زیاد دەبێت و ئەو کەسانەی لە بوومەلەرزەکەی ٨ی ئەیلوول گیانیان لەدەستدا گەیشتە دوو هەزارو ٩٠١ کەس.

ناوەندی هەواڵ

 

لە شەوی ٨ی ئەیلوول بوومەلەرزەیەک بە پێوەری ٧ پلە لە مەغریب ڕوویدا و ناوەندی بوومەلەرزەکە ناوچەی ئەلحوز بوو لە مەراکیش، جگە لە مەراکیش، ڕەباتی پایتەخت و شارەکانی کازابلانکا، مەکنەس، ئەغادیر، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوت.

 

وەزارەتی کاروباری ناوخۆی مەغریب زانیاری نوێی لەسەر بوومەلەرزەکە بڵاوکردەوەو بەپێی دوایین زانیارییەکان، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ دوو هەزارو ٩٠١ کەس و ژمارەی بریندارەکانیش بەرزبووەتەوە بۆ ٥ هەزارو ٥٣٠ کەس.

 

"ئامادەین بۆ پشتیوانی"

فەرحان حەق، جێگری وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکی نووسراودا سەبارەت بە بوومەلەرزەکە وتی: نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیە، ئەگەر حکومەت بیەوێت، ئامادەین پشتیوانی بکەین.

 

زیاتر لە ١٠٠ هەزار منداڵ زیانیان بەرکەوتووە

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان یونیسێف لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو منداڵانەی لە بوومەلەرزەکەی مەغریبدا برینداربوون و گیانیان لەدەستداوە هێشتا نەزانراوە، بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی ساڵی ٢٠٢٢، منداڵان سێ لەسەر سێی دانیشتوان پێکدەهێنن و زیاتر لە ١٠٠ هەزار منداڵ بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.