سلێمانی، یەکەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى ژن دەبەسترێت
سبەینێ یەکەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى ژن بە ناونیشانی "ژن لە ئاوێنەی کۆمەڵگە و مێژوودا" لە زانکۆی سلێمانی دەبەسترێت و ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
ناوەندی هەواڵ
یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژن بە ناونیشانی (ژن لە ئاوێنەی کۆمەڵگە و مێژوودا) لەلایەن کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان لە زانکۆی سلێمانی بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی جیهان سبەینێ ٧ی مانگ دەستپێدەکات و ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
ئامانجی کۆنفرانسەکە خوێندنەوە و توێژینەوەی ڕۆڵی ژنە لە ڕابردوو و ئێستادا، تاکوو ئاسۆکانی پەرەپێدانی توانا و پێگەی ژنان بۆ داهاتوو وێنا بکات، هەروەها ڕەخساندنی هەلی بەیەکگەشتنی توێژەران و ئەکادیمیەکانە بۆ گرنگیدان بە پرسی ژن و تواناکانیان و نووسینەوەی مێژووی ژنانی کوردە، لە چوارچێوەی مێژوونووسی هاوچەرخ، دوور لە هەژموونی ئایدۆلۆژی و کولتووری و سیاسی.
لە کۆنفرانسەکەدا پێگە و ڕۆڵی ژنان لە لایەنەکانی، مێژوو و شوێنەوار، گەشەپێدانی کۆمەڵگە و خێزان لەسەر دەستی ژن، ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، ژینگە و جوگرافیا، سیاسەت، ئابووری و کارگێڕی، شەریعەت و یاسا، تەندروستی هەڵدەسەنگێنرێت.
بڕیارە کۆنفرانسەکە سبەینێ، ٧ی کانوونی یەکەم کاتژمێر ٩:٣٠ی سەر لە بەیانی، لە هۆڵی کۆنگرێس لە زانکۆی سلێمانی بەڕێوەبچێت و ٨ی کانوونی دووەم کۆتایی دێت.