یونیسێف: گیان لەدەستدانی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاستدا سێ هێندە زیادی کردووە

ڕێکخراوی یونیسێف-ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لەمساڵدا ڕێژەی گیان لەدەستدانی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاستدا بەراورد بە ساڵی رابردوو سێ هێندە زیادیکردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی یونیسێف-ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەپێی ئامارەکان لەمساڵدا نزیکەی ٩٩٠ کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون، ئەمەش بەراورد بە ساڵی ڕابردوو سێ هێندە زیادی کردووە کە ژمارەیان ٣٣٤ کۆچبەر بووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ١١ هەزار و ٦٠٠ منداڵ لە ڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە کە بە مەترسیدارترین ڕێگای کۆچکردن دادەنرێت، گەیشتوونەتە ئیتاڵیا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو ٦٠% زیادی کردووە.

 

کۆچکردن لە ئەنجامی خراپی دۆخی ئەمنی، ئابووری و جەنگی وڵاتانەوە دێت، ئەمەش لە ڕێگەی ئەو سیاسەتانەوە سەرهەڵدەدات کە بۆ چەوساندنەوە و لەناوبردنی گەلان و دوورخستنەوەیان لە خاکی خۆیان جێبەجێدەکرێت.