١١٧ ئاوارە لە هەولێرەوە بۆ نەینەوا و سەڵاحەدین گەڕێندرانەوە

لە چوارچێوەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق بۆ زێدی خۆیان، ١١٧ ئاوارە لە كامپی خازری سەر بە هەولێر گەڕێندرانەوە  بۆ نەینەوا و سەڵاحەدین.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە چوارچێوەی هەوڵەكانی حكومەتی عێراق بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنی نشتەجێبوونی خۆیان، ئەمڕۆ ٢٤ی ئاب لە كامپی خازر لە پارێزگای هەولێر ١١٧ ئاوارە بە خواستی خۆیان گەڕێندراونەتەوە بۆ ناوەندی شاری موسڵ و تەلعەفەر لە نەینەوا و ناوچەكانی سینیە و تكریت لە پارێزگای سەڵاحەدین.

 

ئاسانکاری دەکرێت و پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت

ئاماژە بەوەکراوە، حكومەت گرنگییەكی تایبەت بە دۆسییەی گەڕانەوەی خۆبەخشانەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان دەدات، جگە لەوەی هەموو ئاسانكارییەكیان بۆیان دابین دەكات.

 

هەر لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان، تیمەكانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بەردەوامن لە تۆماركردنی ناوی ئەو خێزانە ئاوارانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە.