بەهۆی نقوم بوونی دوو بەلەم لانیکەم ٢٩ کەس لە کەناراوەکانی تونس گیانیان لەدەستداوە

کاربەدەستانی تونس ئاماژە بەوەدەکەن بەلایەنی کەمەوە ٢٩ کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە، دوای ئەوەی دوو بەلەم لە کەناراوەکانی تونس لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا نقوم بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆچبەرانی سوب-سەحاران هەوڵیان دەدا لە دەریای ناوەڕاست بپەڕنەوە بۆ گەیشتن بە ئیتاڵیا، بەڵام بەهۆی نقوم بوونی دوو لە بەلەمەکان لانیکەم ٢٩ کەس گیانیان لەدەستداوە، ئەمە نوێترینە لە زنجیرەیەک لە بەلەمی کۆچبەران کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە کەناراوەکانی تونس ژێرئاو کەوتوون، کە بەهۆیانەوە پێنج کەسی تر لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا خنکاون، ئەمە دوای ئەوە دێت کە تونس هەڵمەتێکی دژی کۆچبەرانی ئەفریقی بێ بەڵگەنامە دەستپێکردووە.

 

 بەرپرسانی ئیتاڵیاش لە دوورگەی لامپێدوسا ڕایانگەیاند لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا دوو هەزار و ٥٠٠ کۆچبەر گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە.

 

جیۆرجیا مێلۆنی سەرۆک وەزیرانی بەوەکالەتی ئیتاڵیا ئەوروپای لە مەترسییەکانی ئەو ژمارە زۆرەی کۆچبەران ئاگادارکردەوە، کە شەپۆلێکی گەورەی پەنابەران دەبینن کە لە کەنارەکانی خۆیانەوە دەگەن.

 

تونس بووەتە تەوەرێک بۆ ئەو کۆچبەرانەی کە خوازیارن بگەنە ئەوروپا و داتای نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای دەکات، بەلایەنی کەمەوە ١٢ هەزار کۆچبەر لە ساڵی ڕابردوودا لە تونسەوە گەیشتوونەتە کەنارەکانی ئیتاڵیا.