عەدالەت عومەر: ئەڤین گۆیی نموونەی ژنێکی ئازاد بوو

عەدالەت عومەر، سەرۆکی دەستەی ژن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، سەبارەت بە هاوڕێیەتی خۆی و ئەڤین گۆیی، کە لە دووەم کۆمەڵکوژی پاریسدا شەهید بوو، وتی: ئەڤین خەباتی بۆ پێکهێنانی ئازادییەکی مسۆگەرکراو بۆ ژنان کرد.

ڕۆژ هۆزان

 

قامیشلۆ- لە ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ کۆمەڵکوژی دووەمی پاریس لەسەر ناوەندی کولتووری کورد ئەحمەد کایا لە پاریس ڕوویدا، ڕێبەری بزووتنەوەی ژنانی کورد ئەڤین گۆیی-ئامینە کارا، لە بزووتنەوەی ڕۆشنبیری میر پەروەر و نیشتمانپەروەر عەبدولڕەحمان کزل شەهید بوون.

 

ئەڤین گۆیی، میراتێکی دەوڵەمەندی لە شەڕی دژی چەتەکانی داعش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەجێهێشت، هاوکات یەکێک بوو لە ژنانی پێشەنگ لە ڕێکخستن و بەرەوپێشبردنی بەهای ژناندا.

 

عەدالەت عومەر، سەرۆکی دەستەی ژن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، باس لە کۆمەڵکوژی پاریس دەکات ووتی: لە کەسایەتی شەهید ئەڤیندا هەموومان شەهیدانی ڕێگەی ئازادی بەبیر دەهێنینەوە، شەهید ئەڤین بۆ ماوەیەکی زۆر لە ڕۆژئاوای کوردستان کاری بەنرخی ئەنجامدا، من لە نزیکەوە کەسایەتی ئەوم دەناسی و دۆستایەتییەکی بەهێزمان هەبوو، ئەمە یەکەمجار نییە کە کۆمەڵکوژییەکی لەو شێوەیە لە پاریس ڕووبدات، پێش ئەوە ساکینە جانسز، پێشەنگی تەڤگەری ئازادیی ژنان، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمز لە هەمان هێرشدا شەهید بوون، بەهەمان عەقڵیەت دەیانەوێت ئەو جۆرە کەسایەتیانە لەناوببەن کە کاریگەرییان لەسەر ژنان هەیە و ئازادییان ئاشنای ژنان کردووە، سیستەمی حوکمڕانی هەژمونگەرایی هەموو ئەو ژنە هۆشیارانە دەکاتە ئامانج کە خەبات بۆ زانایی ژن دەکەن.

 

شەهید ئەڤین دژی داعش شەڕی کردووە

عەدالەت عومەر سەرنجی بۆ کەسایەتی شەهید ئامینە کارا و هەڵوێستە شەرەفمەندەکەی ڕاکێشا و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: شەهید ئەڤین هەوڵی زۆری هەبوو بۆ دروستکردنی ئازادییەکی مسۆگەرکراو بۆ ژنان، بۆ ئەمەش هەمیشە ئامادە و پێشەنگایەتی دەکرد، لە شەڕی داعش و هێرشەکانیان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، هەڵوێستێکی بەهێزی هەبوو و ئازایەتییەکی بەهێزی نیشاندا، هەمووانی فێری ئیرادە و نیشتمانپەروەری کرد، تا نەبنە ئامانجی دوژمن و بتوانن بەرگری لەخۆیان بکەن، هەروەها لەڕووی زانستییەوە خاوەن بیرێکی دەوڵەمەند بوو، ڕاستینەی خۆی لە خوێندنەوە و خۆڕۆشنبیرکردنەوە ناسیبوو، بە بۆچوونی ئەو ژن کاتێک لە ڕووی دەروونییەوە پەرە بە خۆی دەدات، ناتوانێت بەرامبەر عەقڵییەتی پیاوسالاری شکست بهێنێت، هەر بەو هۆیەشەوە ڕۆڵی ژنی  بە وردی پێناسە کرد و لە کەسایەتی خۆیدا پێکیهێنا، خەباتێکی گەورەی لە دژی ئەو نەریتانە کرد کە لە دژی ژنان لە کۆمەڵگادا پەرەیان پێدرا و توانی ژنان لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە.

 

عەدالەت عومەر باسی لە تێکۆشانی ئەڤین گۆیی کرد و وتی: ڕێبازی شەهید ئەڤین جیاواز بوو لە ژنان، دەیزانی چۆن ژنێک بکاتە خاوەن ڕۆڵ و ئەرک، تا خۆی خەبات بکات، شوێنکەوتووی مافەکانی ژنان بوو، هەمیشە ڕێگەی دەدا ژنان دەستپێشخەرییان هەبێت لە کاردا. خەباتی دەکرد تا ژنێک بتوانێت لە کایەی سیاسیدا خاوەن بڕیار بێت، بەڕاستی نموونەی ژنێکی ئازاد بوو، ئەو سەرکەوتنانەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەدەستهاتوون، ڕەنگی شەهید ئەڤینیان پێوەیە، ڕەنگە قسەکردن لەسەری بەس نەبێت، گرنگ ئەوەیە ئێمە لەبیرمان بێت و خەونەکانی پێکبهێنین و هیوا بۆ ژنان دروستبکەین، تا هاودەنگی خۆمان وەک ژن بەهێزتر بکەین، زیاتر دەتوانین کۆتایی بەو پلانانە بهێنین کە سیستم لە دژی ژنان بەڕێوەی دەبات.