کۆچبەرانی عەفرین: ڵە دژی سیاسەتی قڕکردن ڕێگای ئێمە بەرخۆدانە
ژنانی عەفرین کە کۆچیان کردووە بۆ کامپی بەرخۆدان لە کانتۆنی شەهبا ئاماژە بەوەدەکەن کە رێگای بەرخۆدانیان لە دژی سیاسەتەکانی قڕکردن هەڵبژاردووە.
حەسنا محەمەد
شەهبا- لە ١٨ی ئازاری ٢٠١٨ دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لە ڕێگەی چەتەکانی، کانتۆننی عەفرینی سەربە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای دوای ٥٨ ڕۆژ بەرخۆدان داگیرکرد و سەدان هەزار هاوڵاتی عەفرینیش ڕەتیان کردەوە کە ئەو داگیرکارییە قبوڵ بکەن و لە زێدی خۆیان کۆچیان کرد، بەرەو شەهبا ڕۆیشتن و لە کامپی کۆچبەران جێگیربوون، لە هەلومەرجی سەختی کۆچبەرییدا هاوڵاتیان بڕیاریان داوە بەرگری بکەن و ماوەی پێنج ساڵە لە کامپەکانی کۆچبەران لە ماڵ و حاڵی وێراندا بەردەوامن لە بەرخۆدان تەنها بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە، ژنانی کۆچبەری عەفرین کە لە کامپی بەرخۆدان لە ناوچەی فافینای کانتۆنی شەهبا نیشتەجێ بوون، سەبارەت بە بەرخۆدانیان قسەیان کرد.
خۆڕاگری و بەرخۆدانی ئێمە دەمانگەڕێنێتەوە عەفرین
سۆزان حەبەش خەڵکی ناوچەی مابەتای عەفرینە و بەردەوامە لە بەرخۆدانی خۆی لە کامپەکەدا و وتی: "بەهۆی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکەوە لە خاکی خۆمان کۆچمان کرد و بەرەو شەهبا بەڕێکەوتین، ئەو ژیانەی کە ئێمە لە شەهبا دەژین زۆر سەخت و گرانە چونکە ئێمە لە دۆخێکی کۆچبەریدان، زەحمەتی کۆچکردن زیاتر لەسەر شانی ژنانە چونکە بە بەربەستدا تێدەپەڕن، سەرەڕای سەختی و کۆچبەران، پەیامی ئێمە بەرهەڵستییە، ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرخۆدان و تێکۆشانمان لە ناوچە کۆچبەرەکان تا ئەو کاتەی دەگەڕێینەوە شوێنی خۆمان هیچ شتێک جگە لە بەرگری نامانگەڕێنێتەوە سەر خاکەکەمان، ئێمە هیچ هاوکارییەکمان لە وڵاتانی نێودەوڵەتی ناوێت، بە بەرخۆدانی خۆمان دەگەڕێینەوە عەفرین و ڕزگاری دەکەین".
بە بەرخۆدانی خۆمان ڕزگارکردنی عەفرین مسۆگەر دەکەین
حەیات سەبری، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە ماوەی پێنج ساڵە لە کامپەکانی کۆچبەران بەرخۆدان دەکەن و وتی: "ماوەی پێنج ساڵە لە کامپی کۆچبەران بەرخۆدان دەکەین، ئێمە لەو بەرخۆدانە پەشیمان نین و لە دژی داگیرکاریی تێدەکۆشین و هەرگیز پاشگەز نابینەوە پێویستمان بە یارمەتی کەس نیە، خۆمان بەڕێوەدەبەین و خۆمان ڕێکدەخەین، ئێمە پشتگیری دەزگاکانمان دەکەین و پێکەوە بەدوای بەرخۆدانی خۆماندا دێنین، هەرچەندە دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکان گەمارۆ بەسەر ئێمە دەسەپێنن و هێرش دەکەنە سەرمان، بەڵام هەتا ئازادی عەفرین مسۆگەر نەبێت دەست لە تێکۆشانمان بەرنادەین".
ئێمە ڕێگای بەرخۆدانمان هەڵبژارد
سیهام حەمەدێ ئەوەی خستەڕوو، کە ئەوان هێڵی بەرخۆدان و تێکۆشان لە دژی سیاسەت و پیلانەکانی دوژمن هەڵبژرادووەو وتی: " لە کامپەکان و لە دۆخی کۆچبەریدا بەرخۆدان دەکەین سیاسەتەکانی دەوڵەتەکان بەم دواییانە دەریانخستووە کە پلانی جینۆساید دژی کورد پەیڕەو دەکەن، ئێمەش لە دژی ئەو پیلانە پیسانە بەرخۆدان و تێکۆشانمان هەڵبژاردووە و هەرگیز تەسلیمی پیلانەکانیان نابین، دژی هەموو سیاسەتەکان دەوەستینەوە و هەڵوێست وەردەگرین، بەرخۆدانی ئێمە وەڵامدەرەوەی داگیرکەران دەبێت".