مانگرتنی تەواو لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان ڕاگەیەندرا

سەرجەم ئەندامانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان لە شاری سنە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە پیسکردنی زانکۆ و هێرشکردنە سەر زانکۆ و بەشە ناوخۆییەکانی خوێندکاران مانگرتنیان ڕاگەیاند.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی شەممە ٥ تشرینی دووەم، سەرجەم ئەندامانی ئەکادیمی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان لە شاری سنە بە پرۆفیسۆر، خوێندکار و مامۆستاکانەوە لە دژی پیسکردنی گۆڕەپانی زانکۆ و هێرشی هێزە ئەمنییەکانی سەرکوتکەری ڕژێمی ئێران بۆ سەر زانکۆی کوردستان مانگرتنیان ڕاگەیاند.

 

هێرشی شەوانەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ سەر بەشە ناوخۆییەکانی خوێندکاران و گردبوونەوەی خوێندکارانی ئەم زانکۆیە، کە بووە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک خوێندکار، وایکرد ئەندامانیی زانکۆکە مانگرتنی تەواو ڕابگەیەنن و ئاماژەیان بەوەداوە کە تا ئاسایشیان مسۆگەر نەکرێت کۆتایی بە مانگرتنەکەیان ناهێنن.

 

بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر بەشە ناوخۆییەکانی کچانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان کە دەڕوانێتە نەخۆشخانەی کەوسەر و فیشەک و گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا، دوای ئەم هێرشە، کچە خوێندکارەکان ناچاربوون بینای بەشە ناوخۆییەکەیان بەجێبهێڵن و لە حەوشەی بەشە ناوخۆییەکان دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان بەرزکردەوە.