"ئەنجومەنی پەروەردەی ژنان کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و سیاسی بنیاد دەنێت"

ئەنجومەنی پەروەردەی ژنان، کە لەسەر بنەمای پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک دامەزراوە، کاری پەروەردەیی بەرەوپێش دەبات و دووەمین کۆنفرانسی خۆی ئەنجامدا.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- ڕێکخراوی کۆنگرەی ستار لەسەر بنەمای نەتەوەی دیموکراتیک بە ١٢ کۆمیتە خۆی ڕێکخستووە، لەسەر ئەم بنەمایە هەر لیژنەیەک کۆنفرانسی دوو ساڵ کار و خەباتی خۆی ڕێکدەخات، دوێنێس بە بەشداری ٣٠٠ ئەندامان و بەڕێوەبەرانی کۆمیتەکانی پەروەردە و نوێنەرایەتی ناوەندە جیاوازەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە هۆڵی سەردەم لە شاری حەسەکە و بە دروشمی "بە پاراستنی زانستی ژنی ئازاد، ڕێنێسانسی کۆمەڵگەی دیموکراتیک پێشدەخەین" دووەمین کۆنفرانسی ئەنجومەنی پەروەردەی ژنانی کۆنگرەی ستار بەڕێوەچوو.

 

ئەنجومەنی پەروەردەی ژنان پێکدێت لە کۆکراوەی سەرجەم کۆمیتە و دامەزراوەکانی ژنان کە پەیوەندییان بە پەروەردەوە هەیە، ئامانجیان گۆڕین و زیادکردنی هۆشیاری ژنان و بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و سیاسی لەسەر بنەمای نەتەوەی دیموکراتیک، ئەنجومەنەکە لە ساڵی ١٩٩٩دا دەستبەکاربووە و لە ساڵی ٢٠٢٠دا یەکەمین کۆنفرانسی خۆی بەست، کۆمیتەی پەروەردەی ژنان ٢٧ ئەندامی کۆردیناسیۆنی هەیە، ٥ ناوەندی ئەکادیمی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەدەبەن لە ماوەی دوو ساڵدا ٧ هەزار و ٦٣٦ سیمینار و ١٥٥ خولی ئەکادیمیا و ١٠ وۆرک شۆپی تایبەت بە پەروەردە ڕێکخستووە.

 

چارەسەر زانستی ژنانە

کۆنفرانسەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستیپێکرد، وتاری دەستپێک لەلایەن میدیا محەمەد لەسەر ناوی ئەنجومەنی پەروەردەی ژنانی کۆنگرەی ستار خوێندرایەوە و ئاماژەی بەوەدا لە سایەی فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، داستانە مێژووییەکان دەنووسرێنەوە، یەکێک لەوانە بڵاوبوونەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یە لە سەرتاسەری جیهاندا کە هەموو کەسێک خۆی تێدا دەدۆزێتەوە، "شێوازی پەروەردەی دەوڵەت-پیاو هۆشیاری دەسەڵاتی پیاو بەسەر ژنان و کۆمەڵگەدا دەسەپێنێت، هێزە دەسەڵاتدارەکان ململانێی قووڵیان لە کۆمەڵگەدا دروستکردووە، بۆیە لە شێوازی پەروەردەکردن لەسەر بنەمای زانستی ژنان دەتوانرێت هەموو کێشەکانی ئێستا چارەسەر بکرێن و کۆمەڵگە بەئاگا بێیەوە، تا بگەڕێتەوە بۆ سروشتی خۆی".

 

پەروەردەیەک لەسەر بنەمای زانستی ژن

بێریڤان یونس، ئەندامی ئەنجومەنی پەروەردەی کۆنگرەی ستار، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسەکەمان، ئامانجی ئەنجومەنەکەی خستەڕوو، کە دروستکردنی تاکی ئەخلاقی و سیاسییە، بتوانێت کۆمەڵگەیەک لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی ئازاد بنیاد بنێت و هزری پیاوسالاری کە هەزاران ساڵە بوونی هەیە، لەناوببات، جەختی لە زانستی ژنان کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە هەمووان خۆیان بە زانستی ژنان ئاشنا بکەن، "لە هەموو لایەکەوە هێرش دەکرێتە سەر زانستی ژن، ئەرکی ئەم کۆمیتەیە قورسە، یەکێک لەوانە گۆڕینی هۆشیاری کۆمەڵگەیە کە لەلایەن دەسەڵاتەوە سەپێنراوە. بێگومان ئاسان نییە و بۆ بەدیهێنانی خەباتێکی گەورەی دەوێت. هەموو ئەو کێشانەی ئێستا کە کۆمەڵگەکەمان ڕووبەڕووی دەبێتەوە و جۆرەکانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، بەهۆی عەقڵیەتی باڵادەستی پیاوانەوەیە، بۆیە ئەو کێشانە بە بڵاوکردنەوەی زانستی ژنان چارەسەر دەبن، چونکە ئەو کۆمەڵگەیەی ژنان تێیدا کۆیلەن، کۆمەڵگەیەکی ونبوو و کۆیلەن".

 

"سەدەی ٢١ بە پێشەنگایەتی ژنان بوو بە نموونەیەکی جیهانی"

بێریڤان یونس باسی لە کار و چالاکییەکانی دوو ساڵ کرد و ڕایگەیاند کە بە فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان و زانستی ژنان لە سەدەی ٢١دا شۆڕشی ژنان بوو بە نموونە بۆ هەموو جیهان و دەشڵێت: لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چەندین پەروەردە کرانەوە، ئەمەش چەندین ئەنجامی ئەرێنی بەدوای خۆیدا هێنا، لە سایەی پەروەردەوە تێدەگەین کە کۆمەڵگە پێویستی بە بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و سیاسی هەیە، ئەمەش سەرکەوتنێکی گەورەیە، ئەو پرسانەی کە گرنگیان پێدەدەین بریتین لە مێژووی ژن، شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ، کوشتنی عەقڵیەتی پیاو، ژنۆلۆژی، ڕاستی سەرۆکایەتی و نیشتمانپەروەری .

 

کۆنفرانسەکە بە خوێندنەوەی ڕاپۆرتی ساڵانە و خستنەڕووی پلانی دوو ساڵی داهاتوو کۆتایی هات.