شاجوان بەهرۆز لە ڕاکردنی ماوە درێژی سلێمانی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا

شاجوان بەهرۆز، یاریزانی یارییە سیانییەکان و خوێندکاری پەروەردەی وەرزشی زانکۆی سلێمانی لە ڕاکردنی ماوە درێژی سلێمانی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاگەیاندنی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی سلێمانی لە پەرەی فەرمی خۆی لە فەیسبوک بڵاویکردەوە، خوێندکاری کۆلێجەکەیان بە ناوی (شاجوان بەهرۆز)ئەمڕۆ لە ڕاکردنی ماوە درێژی سلێمانی کە بەڕێوەبەرایەتی وەرزشی سلێمانی ڕێکیخستبوو توانی پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، شاجوان بەهرۆز توانی بلیتێکی بەشداری کردن لە ماراسۆنی نیودەوڵەتی لوبنان مسۆگەر بکات.

 

شاجوان بەهرۆز وەرزشوانی یارییە سیانییەکانی عێراق و پاڵەوانی نێودەوڵەتی لە مەلەوانیدایە، لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی نوژنهادا باس لەوە دەکات، سەرەتا بە وەرزشی مەلەوانی دەستی پێکرد و تەمەنی ٦ ساڵ و نیو بوو، وتیشی: لە حەوزێکی بچوکەوە دەستم پێکرد کە لە ئاوی بارانەوە دروست بوو، دواتر ڕۆشتمە مەلەوانگەکان و لەلایەن ڕاهێنەرەکەمەوە پاڵپشتی کرام و توانیم بەشداری پاڵەوانیەتییەکان بکەم.

 

شاجوان بەهرۆز لە ساڵی ٢٠٢٢ خاوەنی نازناوی دوو پلەی پێنجەمی پاڵەوانێتی ئەفریقیا بوو، هەر لەو ساڵەدا بەشداری پاڵەوانێتی جیهانی یاریە سیانیەکانی کرد بە بەشداری ٧ هەزار و ٥٠٠ وەرزشکار، توانی پلەی ٨ بەدەست بهێنێت، له‌ پاله‌وانێتى رۆژئاواى ئاسیا بۆ ترایسلون لەمساڵدا شاجوان بۆ یارییه‌ سیانییه‌كان توانى پله‌ى یه‌كه‌م تۆمار بكات و یه‌كه‌م مەدالیاى ئاڵتونى بۆ عێراق بەدەستهێنا.