ڕێزلێنان بۆ پەرستارانی نەخۆشخانەی خورماڵ کرا

ژنان لە هەر جێگەیەک بن جێگە دەستیان دیارە، ژنانی پەرستاریش ڕۆڵی بەرچاو دەبینن، دوێنێ لە مەراسیمێکدا لە شارۆچکەی خورماڵ پەرستارانی نەخۆشخانەی خورماڵ و کارمەندانی بەرگری شارستانی ڕێزیان لێنرا.

هەڵەبجە

 

ماڵپەری هەورامان نیوز و بەشی ڕۆشنبیری و هونەری خورماڵ لە شارەدێی خورماڵ، مەراسیمی ڕێزلێنانی بۆ پەرستارانی بەشی فریاکەوتنی بنکەی عەلی شیعە و کارمەندانی بەرگری شارستانی خورماڵ ڕێکخست.

 

شەهێن عوسمان، پەرستار لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانی عەلی شیعە، ئەم جۆرە ڕێزلێنانەی بە گرنگ زانی، چونکە دەبێتە هاندانێک بۆ فەرمانبەران و بەرز نرخاندنی ژنانی پەرستار، چونکە ڕۆڵی گرنگیان هەیە و لە کاتە فریاگوزارییەکاندا بە ئەرکی خۆیان هەڵدەستن.

 

کەنار ئەبوبەکر، پەرستارێکی ترە و ماوەی پێنج ساڵە لە ئەرکدایە، خۆی بە خۆشحاڵ دەزانێت کە ئەمرۆ ڕێزی لێنراوە و داواکارە زیاتر گرنگی بە کەرتی تەندروستی بدرێت لە شارۆچکەکەیان.