غەدە سابا: سینەما سەکۆیەکە بۆ شکاندنی قەدەغەکراوەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ژنان
دەرهێنەر غادە سابا داوای پێداچوونەوەی بە یاساکانی میراتی ئوردن کرد بۆ ئەوەی لەگەڵ بارودۆخی ئێستادا بگونجێت، جەختی لەسەر پێویستی پاراستنی ژنان و گرنگی بەرزکردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە پرسەکانی ژنان و درێژەدان بەو پلاتفۆرمە کولتوورییە کردەوە.
بەرائەت ئەکرەم
عەمان- فێستیڤاڵی فیلمی ژنان کە چواردەهەمین خولی لە عەمانی پایتەختی ئوردن لە ٧ تا ١٣ی حوزەیران بەڕێوەچوو، سەکۆیەکی ناوازەی دابین کرد کە تیشک دەخاتە سەر پرسەکانی ژنان لە ڕوانگەی ئاڵۆزی مرۆیی و کۆمەڵایەتی و یاساییەوە لە ڕێگەی هەڵبژاردنی فیلمە دیکۆمێنتارییە سەربەخۆکانەوە کە لەلایەن ژنانی جیهانەوە دروستکراون و بەرهەم هێنراون.
لەو چوارچێوەیەشدا، ئاژانسەکەمان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ دەرهێنەر و چالاکوان غادە سابا ئەنجامدا، کە سەرچاوەی فێستیڤاڵەکەی ڕوون کردەوە و وتی: لە ماوەی ١٤ ساڵ لە نمایشکردنی سەربەخۆ، فێستیڤاڵەکە بینەرێکی ڕاستەقینە و ئاگاداری چاندووە، ساڵ لە دوای ساڵ بەردەوامە لە گەشەکردن.
بەردی بناغە و ئاڵەنگاری و بەردەوامی
ئاماژەی بەوەشکرد، فێستیڤاڵەکە ڕووبەڕووی قۆناغی سەخت بووەتەوە، کە دوا جار پێش پەتای کۆڤید-١٩ بووە، بەردەوامییەکەی بە هیچ شێوەیەک قبوڵنەکراو بوو، بۆیە لە کاتی پەتاکەدا بە شێوەی ئۆنلاین پێشکەشکرا، ستایشی ڕۆحی ستافەکەی کرد وتی: زۆرێک لە هاوکاران، چ ژن و پیاو، بە هاوکاری ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان کاریان لەسەر فێستیڤاڵەکە کردووە، ستافەکە و کەسایەتییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، بەڵام هەمیشە خۆشەویستییەکی قووڵ و پابەندبوونێکی ڕوون بە پرسەکانی ژنان هەبووە، هەروەها پەرۆشی بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەبارەیانەوە هەبووە.
سەبارەت بەو شوێنە ناوازەیە، جەختی لەوە کردەوە، کە "شانۆی ”رينبو”، لە دڵی چیای عەمان، بە خانووە کۆنەکانی و کەشی کولتووری و کەشوهەوای نوقمی ڕابردوو، وامان لێدەکات نەک تەنها باسی هۆڵێکی نمایش بکەین، بەڵکو باس لە شوێنێک و کاتێک بکەین کە بە قووڵی پەیوەستە بە یادەوەریی کولتووری شارەکەوە.
شکاندنی قەدەغەکراوەکانی یاسا
فێستیڤاڵەکەی ئەمساڵ بە هەمەجۆریی جوگرافیای بەرفراوان جیاکرایەوە، کە نمایشەکانی لە وڵاتانی مەکسیک، سویسرا، ژاپۆن، کۆریا، کەنەدا، ئێرلەندا، ئیتاڵیا، نەمسا، باشووری ئەفریقا، ئوسترالیا، ئوردن، مەغریب و تونس نمایشکرا، لە گرینگترین شتەکاندا نمایشی فیلمە ئوردنی و فەڵەستینییەکان بوو، لەوانە فیلمی فەڵەستینی"Thank You for Banking" "سوپاس بۆ بانکی"، کە باس لە پرسی میرات و ئاڵۆزییە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ژنان لە ناوچەکە دەکات.
لەم چوارچێوەیەدا، دەرهێنەر غادە سابا باسی لە بابەتێکی هەستیاری کرد کە زۆرجار لە فیلمەکانی پێشوویدا لێیکۆڵیەوە، کە مافی میراتی ژنانی مەسیحی لە ئوردن، ئاڵۆزییەکانی ئەو پرسەی ڕوونکردەوە و ڕایگەیاند، بەرنەست و فشار و ئاڵەنگاری زۆر هەیە کە پەیوەستن بەم بابەتە، هەندێکیان لە داب و نەریتەوە سەرچاوە دەگرن، هەندێکی دیکەیان پەیوەندییان بەو یاسایانەوە هەیە کە پێویستە پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ بارودۆخی ئێستادا بگونجێت، باسی ئەم بابەتە ناکەین بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بڕیارەکانی ئیسلام یان فەقهیەی ئیسلامی، بەڵام زۆرجار، هەندێک لە خزمەکان دەستکاری سیستەمەکە دەکەن، دەست بەسەر میراتی ژنان دەگەرن تەنها لەبەر ئەوەی ژنن، کە ئەمەش پرسەکە زۆر ئاڵۆز دەکات.
غادە سابا وتی: ناتوانرێت پرسی میرات تەنها لە ڕوانگەی پشکەکانەوە سەیر بکرێت وەک ئەوەی لە دەقە ئاینییەکاندا هاتووە، لە هەمان کاتدا هەموو لایەنەکانی دیکە پشتگوێ بخرێت، یاساکە بۆ ژنانی مەسیحی ئوردنیش دەگونجێت سەبارەت بە میرات، هەرچەندە یاساکانی دیکەی ناو کڵێسا لە بابەتەکانی وەک هاوسەرگیری، جیابوونەوە و سەرپەرشتیکردندا سیستەمی کانۆنیکی پەیڕەو دەکەن.
کاتێک ئەم دیالۆگە لە نێوان ئەو کەسانەدا دەکرێتەوە کە پشتیوانی و دژایەتی گۆڕینی یاسای میرات بۆ ژنانی ئوردنی مەسیحی دەکەن، گفتوگۆی دەستبەجێ ئەوەیە کە ئێمە وڵاتێکین کە ئایینەکەمان ئیسلامە و بۆیە دەبێت پەیڕەوی لە یاسای ئیسلامی بکەین، ئەمە جێگای تێگەیشتنە، بەڵام ئەگەر بمانەوێت پەیڕەوی لە شەریعەتی ئیسلامی بکەین، دەبێت بە تەواوی ئەنجام بدرێت، نەک تەنها لە لایەنی تایبەتی میراتی ژنانی مەسیحی، لە کاتێکدا پرسەکانی هاوسەرگیری، جیابوونەوە، سەرپەرشتیکردن و نەفەقەی لە ژێر یاساکانی کڵێسادا دەمێننەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو پرسە کاریگەری زۆری هەیە، فیلمەکانی دیکەی فێستیڤاڵەکە باسیان لە بێهیوایی هەندێک لە ژنان دەکرد کە ئاواتیان بۆ کوڕ دەخوازن لە ترسی لەدەستدانی مافی میراتیان.
لە خەبات بۆ خاک و وەرزش... بۆ "خەیاڵی ئازادی" و کەشی دیجیتاڵی
پێشکەشکردنی فێستیڤاڵەکە تەنیا لە یەک تەوەردا سنووردار نەبوو، هەروەها کورتە فیلمی گرنگی تێدابوو کە تیشکیان خستە سەر خەباتی ژنان لە وەرزشدا، ژنانی جوتیاران و ئەو ژنانەی هەوڵدەدەن بۆ ژیانێکی باشتر، هەندێک لە فیلمەکان ئاڵەنگاری ئەو تێڕوانینە کۆنەپەرستانەیان دەکرد کە لەلایەن هەندێک لە ژنە گەنجەکانەوە هەڵدەگیرا کە "هاوسەرگیری تاکە ڕێگایە بۆ دەربازبوون لە دەسەڵاتی ماڵی باوکیان و بەدەستهێنانی ئازادی"، تەنها بۆ ئەوەی دواتر بەهۆی بەرپرسیارێتییە گەورەکان و بچووکبوونەوەی کەشی ئازادییەوە تووشی شۆک بوون.
لە کۆتاییدا فێستیڤاڵەکە میوانداری پانێڵێکی دەوڵەمەندی کرد کە سینەماکاران و دروستکەرانی ناوەڕۆکی دیجیتاڵی کۆکردەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە چەمکی "کێ دیمەنەکە دروست دەکات؟" غادە سابا خۆشحاڵی خۆی بەم هاوکارییە دەربڕی و ڕایگەیاند، ئێمە دیمەنەکە دەبینین ئەمڕۆ لەسەر شاشەی گەورە دروست دەکرێت، بەڵام دیمەنێکی دیکەی هاوتەریب و کاریگەریش هەیە کە لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیەوە لە داڕشتنی هۆشیاری گشتیدا دروست دەکرێت، لە دانیشتنەکەدا بەشدارییەکی بەرچاو لەلایەن دروستکەری ناوەڕۆکی چالاکوانی ئوردنی، عالیا حەموری، دەنگێکی دیجیتاڵی دیار کە باسی ئەم پرسە گرنگانە دەکات.