بنەماڵەی شەهیدان: ئێمە لە پشت هێزەکانمانەوەین
سەبارەت به پێشهاتەکانی ئەم دواییه که به خێرایی له ناوچەکه ڕوودەدات و هێرش و داگیرکارییەکان بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بنەماڵەی شەهیدان ڕایانگەیاند، پێویسته پاڵپشتی هێزەکانیان یەپەژە/هەسەدە بکەن بۆ ئەوەی بەشداری لە سووریای نوێدا بکەن.
سۆرگوڵ شێخۆ
تل تەمر- سووریا ناوچەیەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە ٢٧ی ئەم مانگەوە بە خێرایی ڕووداوێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، دوای ئەوەی چەتەکانی تەحریر شام، حەلەب و ناوچەیەکی بەرفراوانیان لە سووریا گرت، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاش چاوی لە سووریا بوو بۆ داگیرکردنی خاکی نوێ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لێرەدا بەرخۆدانی بێهاوتای شەڕڤانانی یەپەژە/هەسەدە هاتە ئاراوە.
سەبارەت به گرنگی پاڵپشتیکردنی هێزەکانی بەرگری و نەکەوتنه داوی پیلانی هێزه بیانییەکان و هەروەها بە تواناکردنیان بۆ بەشداریکردن له سووریای نوێ، کەسوکاری شەهیدانی شاری تل تەمر لە کانتۆنی جزیرە بۆچوونی خۆیان خستەڕوو.
"پڕۆژەی دیموکراسی دژی خێڵگەرایی پەرەی پێدرا"
سەنا حەمود، هاوژینی شەهید، باسی لەوەکرد، لە سووریا گۆڕانکاری بەرچاو دروستبوون، ئەمەش خەڵکی بە گشتی تووشی شۆک کردووە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لەم قەیرانەدا، خۆبەڕێوەبەریی و هێزەکانی بەرگری توانییان ئەم دۆخە کۆنترۆڵ بکەن و پڕۆژەیەکی دیموکراتیک دژی خێڵگەرایی پەرەپێبدەن، ئەوەی پێشەنگی وەرگرتبوو ژن بوو و ئامانجیش ئازادی و دیموکراسی بوو، ئەمڕۆ هێزی بەرگریمان بە تەنها نییە، لە هێڵەکانی ئاگردان و ئێمە هەوڵی پاراستنی ئەم خاکە دەدەین کە بە خوێنی هاوژین و گەنجەکانمان ئاو دراوە. بۆیە ئێمە زۆرباش دەزانین مەبەست لە دەستێوەردانی هێزە دەرەکییەکان، بە پلەی یەکەم دەوڵەتی تورکیا، بۆ ناوچەکەمان چییە.
"ئێمە لەگەڵ یەپەژەین"
سەنا حەمود ئاماژەی بەوەشکرد، ئازادی و ژیانێکی ئازاد لە لیستی یەکەمی پڕۆژەکەیاندایە و وتی: ئێمە دژی کردەوەکانی ڕژێمی سووریاین و بە توندی ئەو ڕووداوانە ئیدانە دەکەین کە ئەمڕۆ ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە، ئازادی و ژیانێکی ئازاد و خاوەندارێتی کردنی خۆمان ئامانجەکانی خەباتمانن. گرنگ نییە لە کوێ بن و لە چ کاتێکدا بن، گرنگ ئەوەیە ئێمە پشتیوانیان بکەین، چونکە ئەو هێزانە لە پێناو ئێمەدا شەڕ دەکەن و لە کۆتاییدا بۆ ئەم خاکە گیانیان دەبەخشن، بۆیە ئەمڕۆ سەرچاوەی هێز و ئاسایش و ئارامیمان یەپەژەیە. کاتێک دەیانبینین هەست دەکەین هێشتا ئارامی ماوە، هەر بۆیە ئەمڕۆ هێز لە یەپەژە وەردەگرین و یەپەژەش هێزمان لێ وەردەگرێت.
"ئێمە ئەمڕۆ بەهێزترین هێزی سەر زەویین"
تەرفا فەواز کە خوشکی سێ شەهیدە، باسی لەوەکرد، ئێستا پرۆسەیەکی گرنگ لە ئارادایە، کە پێویستی بە پشتیوانی و هاودەنگیی گشتی هەیە، وتیشی: دەوڵەتی تورکیا دەوڵەتێکی دوور لە مرۆڤایەتییە و نازانێت مرۆڤایەتی چییە، ئەمەش لە دڕندەییەکانی بەرامبەر بە خەڵکدا ڕوونە، هەربۆیە ئەمڕۆ ئێمە بەبێ یەپەژە ناتوانین بژین و ئەوانیش بەبێ ئێمە ناتوانن، تەنها پێکەوە دەتوانین بەم پرۆسەیەدا تێپەڕین بە کەمترین زیان، با بارودۆخی گەل و ژنانی حەلەب و شەهبا و دیمەشق لەبیر نەکەین، ئەمڕۆ پێداویستییەکانیان لای ئێمەیە و دەبێت ئاگاداری هەموو کەسێک بین کە خەبات بۆ بوونی خۆی دەکات. ڕژێم خەڵکی لە چنگی هێرشەکاندا جێهێشت و ڕۆیشت و خەڵکی بێ پاراستن هێشتەوە، بۆ ئەوەی بەهەمان سیناریۆدا تێنەپەڕین، پێویستە هێزی سەربازی خۆمان بەهێزتر بکەین. ئێمە بەهێزترین هێزین لەسەر ئەم زەوییە، بە هەبوونی هێزی پاراستنی یەپەژە/هەسەدە و پڕۆژە دیموکراتیکەکەی.
"بۆ بەشداریکردن لە سووریای نوێ پێویستە بەرەنگاری هێرشە جینۆسایدییەکان ببینەوە"
تەرفا فەواز گرنگی بەشداریکردنی کورد لە پڕۆسەی چارەسەری سیاسیی نوێدا دەربڕی و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا، "پێویستە کورد بەشدارییەکی کارا لە سووریای نوێدا بکات، بەڵام لێرەدا پێویستی بە ڕووبەڕووبوونەوەی هێرش و مەترسییەکانی ئێستای سەر خاکەکانمان هەیە، با شارەکانمان بپارێزین لەناو ئەم پرۆسەی بوون و نەبوونەوە، با هەوڵبدەین ئەو دەستکەوتانە بپارێزین کە بە خوێنی شەهیدان بەدەست هاتوون، دەبێت یەک بە یەک یەپەژە/قەسەدە بەهێز بکەین.