بۆ تاوتوێ کردنی دۆخی ڕۆژنامەنووسان شاندێکی ئەوروپی لە باشووری کوردستانن

شاندێکی ڕۆژنامەنووسان لە ئەوروپا لەسەر داوای ڕۆژن و دەستپێشخەری ڕۆژنامەنووسانی کوردستان هاتوونەتە باشووری کوردستان و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەزگا و ڕێکخراوە میدیاییەکان کۆدەبنەوە.

سلێمانی

 

شاندێکی پێکهاتوو لە ڕۆژنامەنووسانی کورد و بیانی لە ئەوروپاوە لەسەر داوای ڕۆژن (ڕۆژنامەنووسانی ژنی کوردستان) و دەستپێشخەری ڕۆژنامەنووسانی کوردستان هاتوونەتە باشووری کوردستان و لەگەڵ دەزگا و ڕێکخراوە میدیاییەکان کۆدەبنەوە، تیایدا سەبارەت بە پرسی شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد گوڵستان تارا و ‌هێرۆ بەهادین گفتوگۆی پاراستنی ژیانی ڕۆژنامەنووسان دەکەن،

 

ئەندامانی شاندەکە پێکدێن لە ڕۆژنامەنووسان ئالیجە ماگار، ئێمما ئاودری، دلێر ئاکرێی، هەندرین فەرەج محەمەد، ژاڵان زیاعی و دەڤریم ئاڵپ و ئێوارەی دوێنێ لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی کۆبوونەوە.

 

شاندەکە لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی کۆبوونەوە، تاوتوێی دۆخی ڕۆژنامەنووسانیان لە هەرێمی کوردستان و مەترسییەکانی سەریان کرد، هەروەها جەخت لە پێویستی پارێزراوی سەرجەم ڕۆژنامەنووسان کرایەوە، لە هەر هێرش و پەلامار و بە ئامانجگرتنێک.

 

هەروەها شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بەبیرهێنرانەوە، کە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە، لە ٢٣ـی ئابی ئەمساڵ، لە بۆردوومانێکدا شەهید کران.