گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان بەردەوامە

دوێنێ ٥٩٩ ئاوارە لە كامپی هەرشەم لە سنووری پارێزگای هەولێر گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان لە ناوچەكانی بەعاج، موسڵ، شەنگال، حەمدانییە، ترجلە، بەعشیقە لە سنووری نەینەوا، هەروەها  شارەدێی بەلەد لە سەڵاحەدین.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە بارەی گەڕانەوەی دەیان ئاوارە لە هەولێرەوە بۆ زێدی خۆیان لە سنووری پارێزگاكانی نەینەوا و سەڵاحەدین ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوە داوە، لە چوارچێوەی هەوڵەكانی حكومەت و وەزارەتەكە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان، دوێنێ ٥٩٩ ئاوارە لە كامپی هەرشەم لە سنووری پارێزگای هەولێر گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان لە ناوچەكانی بەعاج، موسڵ، شەنگال، حەمدانییە، ترجلە، بەعشیقە لە سنووری نەینەوا، هەروەها  شارەدێی بەلەد لە سەڵاحەدین.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، "یارمەتی بەسەر ئەو ئاوارە گەڕاوانەدا دابەشكراوە، هەروەها ڕێنمایی فەرمانبەرانی وەزارەتەكەمان كراوە، بەردەوام بن لە تۆماركردنی ناوی ئەو خێزانە ئاوارانەی كە دەیانەوێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان".

 

جێی ئاماژەیە، پێشتر ئیڤان فایەق، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاندبوو، تا كۆتایی مانگی تەمموزی ئەمساڵ سەرجەم كامپەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دادەخرێت، بەڵام تا ئێستا بەشێك لە كامپەكانی سنووری پارێزگای دهۆك و هەولێر دانەخراون و گەڕانەوەی ئاوارەکانیش بۆ زێدی خۆیان بەردەوامە.