"دەبێت هەمووان دژی یاساکە بووەستنەوە"
لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی ژنانی چالاکوان سیمینارێک بۆ دکتۆر ڕازاو گوڵی بە ناونیشانی "یاسای باری کەسێتیی ژمارە ۱۸۸ی ساڵی ۱۹٥۹ی عێراقی" ڕێکخرا و جەختکرایەوە هەموارەکە هاندانی دەستدرێژیکردنە سەر کچانی نۆ ساڵە لە ژێر ناونیشانی هاوسەرگیریدا.
سلێمانی
ئێوارەی دوێنێ لە ناوەندی سەرەکی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک لە شاری سلێمانی، کەمپینی یەکڕیزی ژنان سیمینارێکیان بۆ ڕازاو گوڵی مەحمود، پارێزەر و خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە یاسای باری کەسێتیدا، بە ناونیشانی "یاسای باری کەسێتیی ژمارە ۱۸۸ی ساڵی ۱۹٥۹ی عێراقی" ڕێکخست.
لە سیمینارەکەدا ژنانی چالاکوان بەشدارییان تیایدا کرد و ڕازاو گوڵی مەحمود ئاماژەی بەوەدا، لە دوای هەمواری یاسای باری کەسێتیی کاری دادگاکا" تەنها بەڕێکردن دەبێت، ژیان دەگەڕێتەوە بۆ حەوت دەیە پێش ئێستا، ئاماژەی بە بارودۆخی ژنانی عێراق و باشووری کوردستانیش کرد و وتی: هەمواری یاسای باری کەسێتی ۱۸۸ی ساڵی ۱۹٥۹ی عێراقی کاریگەری لەسەر بارودۆخی ژنان دەبێت، ژنان و منداڵان دەکەنە ژێر ڕکێفی ئەقڵیەتی پیاوسالاریەوە، هەبوونی ئەم یاسایە بارودۆخی ژنان و منداڵان بەرەو هەڵدێر دەبات، ژنان لە مافی دایکایەتی بێبەش دەکات و منداڵان لەژێر ناونیشانی بەشووداندا ڕووبەڕووی دەستدرێژی دەکرێنەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەم یاسایە لە پەرلەمانی کوردستاندا پەسەند نەکرێت و جێبەجێ نەکرێت، بەڵام کاریگەری بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەبێت.
ڕازاو گوڵی نمونەی فرە ژنی دەهێنێتەوە، کە وەک چۆن پیاوان بۆ جێبەجێکردنی فرەژنی ڕوو دەکەنە خوارووی عێراق، بە هەمان شێوە بۆ هاوسەرگیری کردن لە تەمەنێکی خوار تەمەنی ۱۸ ساڵی ڕوودەکەنەوە خوارووی عێراق، وتیشی: هەموارکردنی یاسای ۱۸۸ی ساڵی ۱۹٥۹ی عێراقی گەڕانەوەی بڕیاردانی مەزهەبەکان و دابونەریتە کۆمەڵایەتیەکانە، دادگاکان تەنها ڕۆڵیان بەڕێکردن دەبێت.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەشدا، هەبوونی ئەم یاسایە هاندانە بۆ زیادبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و حکومڕانیکردنی پیاوان بەسەر ژنان و منداڵاندا، بەشوودانی منداڵانی تەمەن نۆ ساڵ و وەرگرتنەوەی مافی دایکایەتی لە دایکان دوور لە مافەکانی مرۆڤە، بە گوێرەی جارنامەی جیهانی بۆ مافەکانی مرۆڤ، خوار تەمەنی ۱۸ ساڵی بە منداڵ هەژمار دەکرێت، بۆیە هەموار کردنەوەی یاساکان دژی مافەکانی مرۆڤە.
"دەبێت هەمووان بڕژێنە سەر شەقامەکان"
بێخاڵ سابر حەمە ئەمین، چالاکوانی سیاسیی، لە بارەی یاسای ۱۸۸ی ساڵی ۱۹٥۹ی عێراقی باس لەوە دەکات، هەموارکردنەوەی ئەم یاسایانە لەگەڵ بارودۆخی عێراق و باشووری کوردستاندا ناگونجێت، دەشڵێت: بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیانی عێراق سەر بە مەزهەبی شیعەن، کە دەگەڕێنەوە بۆ دەوڵەتی ئێران، ئامانجیان تێکدانی کۆمەڵگەی عێراق و چواردەوریەتی، هەمواری یاساکان کۆمەڵگە بۆ ئەقڵیەتی پاوان خوازی دەگەڕێنێتەوە، ژنان ملکەچی ژیانێکی ناچار کراو دەکات، منداڵان لە مافی ژیانکردن و خوێندن بێبەش دەکات.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوشەدا، ئەم یاسایە بۆ داهاتوو پشتشکێن دەبێت، هەبوونی ئەو یاسایانە لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێستەدا نەگونجاوە، وتی: من دایکێکم و وەک دایکێک پێویستە بە هانای منداڵەکانم و نەوەکانمەوە بێم، دایکان و هاوڵاتیان دژی ئەم یاسایە بووەستنەوە هەتا منداڵەکانمان و نەوەکانمان بتوانن ئازادانە ژیان و گوزەرانیان ئەنجام بدەن، ڕۆژ بە ڕۆژ هاوڵاتیان هۆشیار بکرێنەوە و دەبێت ژنان وەک دایک بێنە سەر شەقامەکان دژی هەبوونی ئەو یاسایە.