ئاڤان جەزای دوو گیان کە لەلایەن هاوژینەکەی سووتێندرا گیانی لەدەستدا

"ئاڤان جەزا"ی ١٧ ساڵ کە بە دووگیانی لەلایەن هاوژینەکەی سووتێندرا، بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتاوییەکەی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی ٦ی ئایار، ژنێکی گەنجی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی ئاڤان جەزا، کە دووگیان بووە بە منداڵی دووانە، بە سووتاوی گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی سووتاوی سلێمانی، دواتر لە گرتە ڤیدیۆیەکدا ڕایگەیاند، بە دەستی هاوژینەکەی سووتێندراوە.

 

دوای مانەوەی چەند ڕۆژێک لە نەخۆشخانە، کەمێک پێش ئێستا جەزا جەوهەر، باوکی ئاڤان بۆ ڕاگەیاندنەکان ئاماژەی بەوەکردووە، کچەکەی بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتاوییەکەیەوە گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی دەبەنەوە شارۆچکەی تەکیە.

 

بە وتەی خۆی و کەسوکارەکەی، کە پێشتر بۆ ڕاگەیاندنەکان دابوویان: پاش تاشینی قژ و برۆی، لە گەرماوی ماڵەکەیدا بەدەستی هاوژینەکەی سووتێندرا، کە ڕێژەی سووتاوییەکەی گەیشتە ٪٨٥.

 

پێشتر پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاندبوو، بە تۆمەتی سووتاندنی ئاڤانی تەمەن ١٧ ساڵ، هاوژینەکەی دەستگیر کراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

 

کوشتن و قڕکردنی ژنان تا دێت ڕوو لە زیادبوونە و بە پێی ئاماری نوژنها، لە ماوەی ٣ مانگدا ١٣ ژن کوژراون و ناچار بە خۆکوشتن و سووتان کراون، ئەمڕۆش گیان لەدەستدانی ئاڤان ئاماری کوشتنەکانی سێ مانگی ڕابردووی کردە ١٤ ژن.