"بە خۆپاراستنی ژنان سیستمی سەرمایەداری لەناو دەبەین"

وەحیدە خەلیل، ئەندامی ئەنجومەنی پارتی یەکێتی دیموکراتیک- پەیەدە، باسی لە هەڵمەتی "خۆپاراستن"ی کەژەکە و پاژک کرد، کە لە ١٥ی نیساندا ڕاگەیەندرا و وتی: هەڵمەتی خۆپاراستن بەرزکردنەوەی تێکۆشانی ژنانە.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- کۆردیناسیۆنی پارتی ژنانی ئازادی کوردستان-پاژک و کۆمەڵەی ژنانی کوردستان-کەژەکە لە ١٥ی نیسان بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و داواین لە هەموو ژنانی جیهان کرد کە خۆپراستن پێکبهێنن، بەو شێوەیە دەتوانن خۆیان لە دەوڵەت-نەتەوە و دەسەڵات و سیستمی پیاوان جیا بکەنەوە.

 

وەحیدە خەلیل، ئەندامی ئەنجومەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە لە کانتۆنی عەفرین-شەهبا سەبارەت بە هەڵمەتی خۆپاراستن وتی: بە درێژایی مێژوو ژنان بێ ئیرادە، بێ هەبوون و ناسنامە لەلایەن هێزە دەسەڵاتدارەکانەوە بەجێهێڵدراون، کاتێک دەیانگوت ژن، یەکسەر خەڵک بیریان لە خێزان و منداڵ و کاری ماڵەوە دەکردەوە، بۆ ئەوەی ژنان بگەڕێنەوە بۆ ڕاستی خۆیان، کار و تێکۆشانێکی زۆریان بەڕێوەبرد، ژنان سروشتی ڕاستەقینەی خۆیان ناسی و بە پەیوەست بوون بە هێڵی ئازادی و ئەنجامدانی چالاکییەوە مافەکانیان بەدەستهێنا، سیستمی حوکمڕانی لە کەسایەتی ژندا بووە هۆی ئەوەی کۆمەڵگە کەڕ و لاڵ و کوێر بێت و بە پێی بەرژەوەندی و ئارەزووی خۆیان مامەڵە بکەن، بەڵام ئەمڕۆ ژنان لە هەموو شوێنێکن و دەنگی خۆیان بۆ ئازادی بەرز دەکەنەوە.

 

"خۆپاراستن، ڕێگای بەرزکردنەوەی تێکۆشانی ژنانە"

وەحیدە خەلیل سەبارەت بە هەڵمەتی خۆپاراستن وتی: بۆ پاراستنی بەها و بوونی ژنان لە کۆمەڵگەدا، چەندین هەڵمەتی جیاواز ئەنجامدرا، کاتێک ژنان خۆیان ڕێکدەخەن و پەرە بە هێزی دیپلۆماسی خۆیان دەدەن، خۆیان دەپارێزن و کۆنترۆڵی ئیرادەی خۆیان دەکەن، دەتوانن منداڵەکانیان بپارێزن و لە هەمان کاتدا کۆمەڵگەکەیان بپارێزن، ژنان لە دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەک تێکۆشان دەکەن و ئێمە نەک هەر ٢٥ی تشرینی دووەم دەکەینە ڕۆژی تێکۆشان دژی توندوتیژی، هەموو ڕۆژ و ساتەکانمان دەکەینە تێکۆشان، چونکە سیستمی سەرمایەداری لە هەموو لایەکەوە هێرشەکانی بۆ سەر ژنان زیاد دەکات، ئەوان دەیانەوێت بە شێوازی شەڕی تایبەت ئیرادە و کەسایەتی ژنان لە کۆمەڵگەدا بچەوسێننەوە، سیستمی هاوسەرۆکایەتی لەناو سیستمی نەتەوەی دیموکراتیکدا گەورەترین لێدان بوو لە سەرمایەداری.

 

"پێویستە هەموو ژنان خۆیان بەشداری هەڵمەتەکانی خۆپاراستن بن"

وەحیدە خەلیل لە درێژەی قسەکانیدا بانگەوازی بۆ ژنان کرد و وتی: بانگەوازی ئێمە بۆ هەموو ژنانی جیهان و هەموو پێکهاتەکان ئەوەیە کە لە ماڵ دەربچن، بەهێز و بە ئیرادە بن، نەهێڵن سەرمایەداری بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان بهێنن، پێویستە ژنان دیوارەکانی کۆیلایەتی بڕوخێنن و ئازادی ڕاستەقینەی خۆیان بەدەست بهێنن.

 

هەروەها بە پێویستی زانی سەرەتا لەسەر بنەمای دانپێدانانی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان چالاکییەکانیان بەڕێوەببەن و لە کۆتاییدا وتی: ئەمڕۆ لە سایەی بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆوە، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە و هەر بەو هۆیەشەوە داوا لە هەموو ژنان دەکەین لە دەوری بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ کۆببنەوە و کار بۆ ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ بکەن.