نوسینگەی ژنانی شارەوانی دێرک هەلی کار بۆ ژنان دەڕەخسێنێت

حەسنا حاجی، بەڕێوەبەری نوسینگەی ژنانی شارەوانی دێرک لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، باسی لە پڕۆژەکانی نووسینگەی ژنان کرد و ڕایگەیاند، هەوڵدەدەن لە ڕێگەی کارەکانیانەوە هەلی کار بۆ ژنان بڕەخسێنن.

زەینەب عیسا

 

دێرک- لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا ژنان بوونەتە پێشەنگ و کار لە هەموو بوارەکانی ژیاندا دەکەن و دەستکەوتی بەنرخیان هەیە. بەڕیوەبەری نوسینگەی ژنانی شارەوانی دێرک ئاماژەی بەوەکرد، هەوڵدەدەن لەڕێگەی کارەکانیانەوە هەلی کار بۆ ژنان بڕەخسێنن.

 

"لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوا، ژنان بوونە خاوەن دەستکەوتی گەورە"

حەسنا حاجی باسی له ڕۆڵی ژنان کرد له دوای شۆڕشی ڕۆژئاوا و چۆن شۆڕش وای لێکردن که دەستکەوتی گەورە بەدەستبهێنن و وتی: شۆڕشی ڕۆژئاوا گۆڕانکاری گەورەی بۆ ژنان دروستکرد، دەرفەتی زۆربە ژنان درا بۆ ئەوەی خۆیان لە کۆمەڵگادا بسەلمێنن و بیری کۆیلایەتی لە کۆمەڵگە لاببەن، ئەمڕۆ دەبینین کە ژنان لە هەموو دامەزراوەیەکدا شوێنی خۆیان دەگرن و کارێکی بە نرخ دەکەن، وەک شارەوانی دێرک لە نووسینگەی ژنان کار دەکەین و پڕۆژەی گشتی و پەیوەندیدار بە ژنان بەتایبەتی هەیە.

 

هەم دەرفەتی کار دەڕەخسێنن هەم پشتگیری دەکەن

حەسنا حاجی تیشکی خستە سەر پڕۆژەکانی نوسینگەی ژنانی شارەوانی دێرک و وتی: زۆرێک لە پڕۆژەکانمان لە شارەوانی دێرک، وەک ناوەندی ئەدا بۆ تەکنیک و زمان، چێشتخانەی چارچەلا کە چێشتخانەیەکی تایبەتی ژنانە، هەروەها باخچەی منداڵان لە تەمەنی چوار مانگ بۆ سێ ساڵیدا فێری سیستمی تایبەتیان دەکات لە باخچەکەدا، ئامانجی ئێمە لەم پڕۆژانەدا یارمەتیدانی ژنانە بۆ دروستکردنی دەرفەتی کار بۆیان، نەک تەنها بۆ ژنانی کورد، بەڵکو بۆ ژنانی  هەموو پێکهاتەکانە، هەوڵ دەدەین لە داهاتوودا پرۆژەی زیاتر ئامادە بکەین.

 

"لە داهاتوودا پرۆژەکان بە ڕۆحی هاوکاری دروست دەکەین"

حەسنا حاجی باسی گرنگی باخچەی منداڵانی کرد و ڕایگەیاند، لە داهاتوودا پڕۆژەی زیاتر دروست دەکەن و وتی: کاتێک دەست دەکەین بە دروستکردنی ئەو پڕۆژانە زەحمەتی هەیە، کێشەی زۆر هەبوو لە باخچەی منداڵاندا، منداڵەکانیان نەدەنارد بۆ باخچەکە، دەترسان مامۆستاکان گوێ بە منداڵەکان نەدەن، بەڵام هەندێکیان باوەڕیان بە ئێمە کرد، هەموو دایکێکی کارمەند یان مامۆستا منداڵەکانی دەهێنا بۆ باخچەکە، ژمارەی منداڵەکان ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە، دەبینم ئەم باخچەی ساوایانە زۆر باشە بۆ دایکان بۆ یارمەتیدانی دایکان، هیوادارم لە داهاتوودا لەم ڕۆحە یارمەتیدەرەدا کار بکەین و پرۆژە بونیاد بنێین.