توندوتیژی دژ بە ڕۆژنامەنووسانی ژن ڕوو له زیادبوونه
بەڕێوەبەری توێژینەوە لە ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژنامەنووسان "ICFJ" دەڵێت: جۆرەکانی هەڕەشە کە ڕووبەڕووی ژنانی ڕۆژنامەنووس دەبنەوە لە دیجیتاڵدا ڕوو لە زیادبوونە.
![](https://jinhaagency1.com/uploads/so/articles/2024/04/20240422-20240422-20240422-kadin-jpg746c5a-image-jpg7bdebc-image-jpg036ede-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
جولی پۆسەتی، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژنامەنووسان "ICFJ" لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا کە لە ئیتاڵیا بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند کە ژنانی ڕۆژنامەنووس ئەگەری زیاتریان هەیە ڕووبەڕووی توندوتیژی ببنەوە و ئەمەش لە زیادبووندایە.
وتیشی: توانایەکی گەورە هەیە بۆ ئێمە بۆ نەهێشتنی زیانەکانی توندوتیژی دیجیتاڵی، بەڵام کۆمپانیاکان بەرپرسیارێتی لەو بارەیەوە هەڵناگرن.
کۆنفرانسەکە تیشکی خستە سەر هێرشە دیجیتاڵییەکان، لەوانە سوکایەتیکردن، لێدوانی زایەندی، هەڕەشەی کوشتن دژی ڕۆژنامەنووسان و خێزانەکانیان.
لە لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشدا کە لە ساڵی ٢٠٢٢لەلایەن ٩٠٠ ڕۆژنامەنووسی ١٢٥ وڵاتەوە ئەنجامدراوە، سێ لەسەر چواری ڕۆژنامەنووسی ژن ئاشکرایان کردووە کە بەهۆی کارەکانیانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی یان هەڕەشە بوونەتەوە.