ساڵی ڕابردوو لە ئیسپانیا کەمترین منداڵ لەدایک بوون

پەیمانگەی نیشتمانی بۆ ئامارەکان لە ئیسپانیا ئاشکرایکرد، لە ساڵی ۲۰۲۳ کەمترین منداڵ لە وڵاتەکە لەدایکبوون کە ٨٣ ساڵە ئەو ژمارە کەمە تۆمار نەکراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

پەیمانگەی نیشتمانی بۆ ئامارەکان لە ئیسپانیا-INE، ڕۆژی ٢١ی شوبات ئامارێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لە ساڵی ۲۰۲۳دا تەنها ٣٢٢ هەزار و ۷٥ منداڵ لەدایکبوون، ئەمەش لە ۸۳ ساڵی رابردوودا کەمترین ژمارەیە.

 

بەپێی ئامارەکە، ژمارەکە بەروارد بە ساڵی ٢٠٢٢ دەوروبەری ۲٪ کەمیکردووە.

 

ئەو پەیمانگەیە لە راپۆرتەکەیدا ئاشکرای کردووە، لە ۱۰ ساڵی ڕابردوو، منداڵبوون لەلایەن ژنانی سەروو تەمەن ٤۰ ساڵ بە رێژەی ١٩.٣% بەرزبووەتەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ساڵی ڕابردوو بۆ حەوتەم ساڵی لەسەریەک، ژمارەی گیان لەدەستدان لە ئیسپانیا لە ژمارەی منداڵبوون زیاتر بووە، ٤۳٥ هەزار و ۳۳۱ کەس گیانیان لەدەستداوە.