"لە بەرخۆدانی سەردەمدا مێژوو نووسرایەوە"

مەجدولین زەنۆ کە لە بەرخۆدانی سەردەمدا وەک یەندامێکی تەندروستی شوێنی خۆی گرت وتی: زۆرێک لە ئەفسانە و چیرۆکە مێژووییەکان لە بەرخۆدانی سەردەمدا نووسران.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨، دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی هێرشیان کردە سەر عەفرین، لە کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆی ئەو ڕۆژەدا، ٧٢ فڕۆکەی جەنگی دەستیان بە هێرشەکانیان کرد لە هەموو ناوچەکان و گوندەکانی عەفرین، بەرخۆدانی ٥٨ ڕۆژە بەرامبەر بە هێرشە کۆمەڵکوژەکانی دەوڵەتی تورک بە بەرخۆدانی سەردەم پێناسە کرا، لە ماوەی بەرخۆداندا خەڵک لە شەقامەکان و مەیدانەکاندا بوون بە درێژایی ڕۆژانی بەرخۆدانی دژ بە قڕکردن و داگیرکردن.

 

لە عەفرینی بەرخۆدێردا، ئەو بەرخۆدانەی دەکرا بە دەستی ژنانی عەفرین بوو، بە دەستی ژنان چیرۆک و ساتەکانی خەبات و ئەفسانە نووسرا، ژنانی عەفرین لە دژی هێرشەکان سەفەربەرییان ڕاگەیاند و لەگەڵ شەڕڤانەکان لە هێڵەکانی پێشەوە و لەسەر سنوورەکان و شەقامەکان خاکەکەیان پاراست، لە تەمەنی ٧ ساڵییەوە تا تەمەنی ٧٠ ساڵی، بەشدارییان لە بەرخۆداندا کرد و بە ئیرادەی خۆیان ئەرکەکانیان جێبەجێ کرد، لە بەرخۆدانی مێژووییدا، گەل هێزیان لە شەڕڤانان وەرگرت و دوای منداڵەکانیان کەوتن.

 

یەکێک لە ژنە بەرخۆدێرەکانی عەفرین مەجدولین زەنۆیە، ئەندامی مانگی سووری کورد بوو، کە ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕا وەک پەرستارێک لە بەرخۆداندا، بەتایبەتی لە ناوچەی بلبلێی کانتۆنی عەفرین، مەجدولین هەستا بە ئەرکە مرۆیی و تەندروستییەکانی و چارەسەری بریندارەکانی کرد، هەروەها لەگەڵ شەڕڤانان لە هێڵەکانی پێشەوە بەردەوام بوو لە بەرخۆدان.

 

"ئەرکی تەندروستی و مرۆییمان جێبەجێ کردووە"

لە سەرەتای قسەکانیدا مەجدولین باسی بەرخۆدانی عەفرینی کرد و وتی: ٢٠ی کانوونی دووەم ڕۆژێکی مێژووییە، بە هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی و بە ٧٢ فڕۆکەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرشەکان ئەنجامدران، لەو ڕۆژەوەی هێرشەکەی سەر عەفرین دەستیپێکرد، بەشداری تەڤگەر بووین و خۆ بەدەستەوە دانمان قبوڵ نەکرد، وەک ئەندامێکی تەندروستی، ئەرکی ئێمەیە خاوەنداری لە گەلەکەمان بکەین، من لە ناوچەی بلبلێ بووم و لەوێ پێشوازیم لە بریندارەکان دەکرد تا گەیشتینە نەخۆشخانەی عەفرین، دەوڵەتی تورکیا دەستبەجێ گەلی کردە ئامانج و ماڵەکانی کردە ئامانج، لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر بریندار بوون، بەتایبەتی خەڵکی بەتەمەن و منداڵان، دەوڵەتی تورک بە دڕندایەتییەکی زۆرەوە هێرشی کردە سەر خەڵکی مەدەنی و چەندین کۆمەڵکوژی ئەنجامدا، ئەو ئازارەی لە عەفرین تووشی بووین زیاتر دژوارتر بوو، کاتێک پێشوازیمان لە بریندارەکان دەکرد، نەماندەزانی کەی پێشوازی لە خێزانەکانمان دەکەین لەناو بریندارەکاندا.

 

"هێزمان لە منداڵەکانمان وەردەگرت"

مەجدولین ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەرخۆدانی سەردەمدا هێزیان لە یەکتر وەرگرتووە و وتی: لە بەرخۆدانی سەردەمدا، هێزمان لە شەڕڤانەکانمان وەرگرت و ئەوانیش لێمان وەردەگرت، پێکەوە لە بەرخۆدان و خەباتمان دژی داگیرکاری بەردەوام بووین، بۆ ماوەی ٥٨ ڕۆژ بەردەوام بووین لە ببەرخۆدان بەرامبەر بە گەورەترین تەکنیک، ژنان و دایکانی بەتەمەن لەگەڵ منداڵەکانیان ڕاوەستان و بە هەموو شێوەیەک پشتگیریان کرد، هەروەها خواردنیان ئامادەکرد و ناردیان بۆ ئەو شەڕڤانانەی کە لە دژی هێرشەکان شەڕیان دەکرد، بەهۆی توندی هێرشەکان بۆ سەرمان، زۆرجار ناچار بووین خاڵی تەندروستیمان بگۆڕین، وەڵامی گەل هەمیشە ئەوە بووە کە خاکەکەیان بەجێناهێڵن، هەرگیز ناتوانین ئەو ڕووداوانە لەبیر بکەین کە بە چاوی خۆمان بینیومانە.

 

"بە سووربوون گەڕانەوە بۆ عەفرین مسۆگەر دەکەین"

مەجدولین زەنۆ لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە،  تا کۆتایی بەرخۆدانەکەی لە دژی داگیرکەران بەردەوام دەبێت و بە سووربوون گەڕانەوە بۆ عەفرین مسۆگەر دەکەن، بەهۆی سەختی هێرشەکان، ناچار بووین عەفرین بەجێبهێڵین و داگیرکاری قبوڵ نەکەین، ئێستا بەرخۆدانمان لە شەهبا بەردەوامەو بەهیواین و سوورین لەسەر گەڕانەوە، ئەو بەرخۆدانەی کە لە عەفرین دەستمان پێکردووە و ڕێگەمان بەو بەرخۆدانە داوە ببێتە بەرخۆدانێکی مێژوویی، بەو سووربوونەوە گەڕانەوە بۆ عەفرین مسۆگەر دەکەین و لە داگیرکاری ڕزگاری دەکەین.