سەلوا لەتیف: پێویستە ژنان کۆمەڵگە بونیادبنێنەوە و تێبکۆشن
سەلوا لەتیف، سەرۆکی یەکێتی نێودەوڵەتی ژنان ڕایگەیاند، توندوتیژی بەرامبەر ژنان لەهەموو بوارەکاندا بڵاوبووەتەوەو دەبێت ژنان کۆمەڵگە بونیاد بنێننەوەو بۆ مافی خۆیان تێبکۆشن.
ئیخلاس حەمرونی
تونس- سەلوا لەتیف، سەرۆکی یەکێتی نێودەوڵەتی ژنان لە شاری سوسەی تونس ئاماژەی بەوەکرد، سەرەڕای ئەوەی یاسای ٥٨ لە ساڵی ٢٠١٧ دا بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی دەرچووە، توندوتیژی لە سەرانسەری کۆمەڵگەدا بڵاو بووەتەوە.
"لە دژی توندوتیژی بێدەنگن"
سەلوا لەتیف ئاماژەی بەوەکرد، لە ڕێگەی پارێزەرانی ئەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە لە کاتی سەردانیکردنی یەکێتی نێودەوڵەتی ژنان پشتیوانییان لێ دەکەن وتیشی: زۆرێک لە ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی خێزانی دەبنەوە لە ترسی ئەوەی لەسەر شەقامەکان نەمێننەوە و زۆرجار ناچارن بێدەنگ بن و بیشارنەوە کە توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، بۆ ئەوەی لە ماڵەکانیان بمێننەوە، بێدەنگن دژی توندوتیژی، ژنێک کە لەلایەن هاوژینەکەیەوە ڕووبەڕووی توندوتیژییەکی توند بووەوە سکاڵاکەی هەڵوەشاندەوە لەبەر ئەوەی نەیدەتوانی پارەی دادگا بدات و هیچ شوێنێکی نەبوو بۆی بچێت.
"مووچەی ژن و پیاو یەکسان نییە"
سەلوا لەتیف ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان لە ژیانی کارکردنیاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوەو وتی: دەبینین لە ژیانی کاردا ئەو ژنانەی لە کارێکی قورسدا کار دەکەن کرێی یەکسان وەرناگرن، بەهۆی ئەو بیرکردنەوەیەی کە جیاکاری لە نێوان ژنان و پیاوان و یەکێتی کرێکاراندا دەکات، بۆیە تێدەکۆشین بۆ پاراستنی مافەکان لە ژیانی کاردا بە هەماهەنگی لەگەڵ هەندێک لە بەرپرسان کار دەکەین.
ڕاشیگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ چەندین کۆمەڵەدا کاردەکەن بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان و خولی پەروەردە ئەنجام دەدەن و داوای پاڵپشتی زیاتری ژنانی گەڕەکە چۆڵەکان دەکەن.
"پێویستە بۆ مافەکانمان خەبات بکەین"
سەلوا لەتیف ئەوەیخستەڕوو ڕێگری لە بوونی ژنان لە ژیانی سیاسیدا دەکرێت وتی: باوەڕم وایە سەرکەوتنی ئەکادیمی و هۆشیاری ژنان لە ژیانی سیاسیدا سوودێکی زۆری بۆ پیاوان دەبێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە هەموو ئەو ژنانە کرد کە لە سوسە و پارێزگاکانی دیکەی تونس دەژین پێویستە کۆمەڵگە بنیاد بنێنەوەو بەهێز بن و خەبات بۆ مافەکانیان بکەن.