"ئامانجی هێرشەکانی تورکیا دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستانە"
ماوەی چەند ڕۆژێکە دەوڵەتی تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان چڕکردووەتەوە و چەندین کەس شەهید و بریندار بوون، لە باشووری کوردستانەوە پشتیوانی گەلی ڕۆژئاوا دەکرێت و داوا دەکرێت کار بۆ ڕاوەستاندنی هێرشەکان بکرێت.
سلێمانی
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بارەگای نوێنەرایەتی خۆبەڕێوبەری باکوور و خۆرهەڵاتی سووریا لە شاری سلێمانی، بەرەی نیشتیمانی ڕاگەیەندراوێکی لەسەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە.
ڕاگەیەندراوەکە لەلایەن ئیبراهیم فەرەج، چالاکوانی سیاسی خوێندرایەوە و ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەتی تورکیا هەمیشە دژی دەستەکەوتەکانی گەلی کوردە و بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمە لە کاتێکدایە گرێبەستی کۆمەڵایەتی لەلایەن خۆبەڕێوبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە ڕاگەیەندرا، دەوڵەتی تورکیا بە بەرچاوی جیهانەوە هەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراو بەکاردەهێنێت، ئەوانەشی بەناوی ئاین و دیموکراسیەتەوە قسە دەکەن، تەنها سەیر دەکەن و خۆیان بێدەنگ کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورکیاوە نزیکەی ٢٠ کەس شەهید و بریندار بوون، هێرشەکانی ناوچە مەدەنییەکان و پاڵاوگە نەوتییەکانیشی کردووەتە ئامانج و دەیەوێت میساقی میلی دووبارە بکاتەوە، ئێمە وەکو بەرەی نیشتمانی ئیدانەی ئەم هێرشە نامرۆڤانەی دەوڵەتی تورکیا دەکەین، هەروەها داوا دەکەین لایەنە سیاسییە کوردییەکان یەکگرتوو بن، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نیودەوڵەتییەکانیش دەکەین ڕێگری بکەن لەم هێرشانە.
جێی ئاماژەیە، دەوڵەتی تورکیا لە ۲۳ی مانگەوە هێرش دەکاتە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە هێرشەکاندا دامەزراوەی کاروباری گشتی، دامەزراوەی کشتوکاڵ، چاپخانە، ناوچەی پیشەسازی ئۆتۆمبێل، نەخۆشخانەی مانگی سوور لە کۆبانی، کۆمپانیای خزمەتگوزاری، نەخۆشخانە، ناوەندی بیناسازی و کارگەی بەرهەمهێنانی خۆراک و زەیتوون و پەتاتە و پاڵاوگەی نەوتی کردە ئامانج، لە ئەنجامی هێرشەکاندا ٨ کەس گیانیان لەدەستدا، لەناویاندا دوو ژن هەن و چەندین کەسی دیکەش برینداربوون.