سەرەڕای هەوڵەکان بۆ ئاگربەست هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوامی هەیە

سەرەڕای فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هەموو ناوچەکانی کەرتی غەززە بەردەوامە و زیاتر لە ١٩ هەزار کەس کوژراون کە ٧٠٪یان ژن و منداڵن.

ناوەندی هەواڵ

 

ژمارەی گیان لەدەستدان لەدەستپێکردنی هێرشەکانی ٧ی تشرینی یەکەم بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە ١٩ هەزارو ٦٦٧ کەسو ٥٢ هەزارو ٥٨٦ کەسیش برینداربوون، کە زۆربەیان منداڵ و ژنن، هەزاران کەسیش هێشتا لەژێر داروپەردوو وێرانەکاندا ماونەتەوە کە بەهۆی بەردەوامبوونی بۆردومانەکانەوە نەدۆزراونەتەوە.

 

دوای ڕووداوەکەی گەڕەکی شوجاعیە کە تیایدا سێ بارمتە بە هەڵە کوژران، ئیسرائیل هەوڵی ئاگربەستێکی نوێ دەدات لەگەڵ حەماسدا کە ئازادکردنی زیندانییەکان، ژن و نەخۆشەکان، لە بەرامبەر ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانیدا دەگرێتەوە.

 

لە ڕۆژێکی نوێی هێرشە بەردەوامەکاندا بۆ سەر کەرتی غەززە بۆ سێیەم مانگ لەسەر یەک، ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ١٩ی کانوونی یەکەم  کامپی پەنابەرانی جەبالیای لە باکووری کەرتی غەززە کردە ئامانج و پێکدادانی توندوتیژی لەنێوان فەڵەستینییەکان و سوپای ئیسرائیل لە ناوچەی موغراقە لە باکووری کامپی پەنابەرانی نەسیرات لە ناوەندی کەرتی غەززە و خان یونس ڕوویدا.

 

سوپای ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی و زەمینی چڕ و توندوتیژ دەەستپێکردووە بۆ سەر ناوچە جۆراوجۆرەکانی کەرتی غەززە کە هەندێکیان ماڵەکانیان کردە ئامانج و دەیان کەسیان کوشت و بریندارکرد و پێکدادان لە باکوور و باشووری کەرتی غەزە ڕوویدا.

 

لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا دوای ئەوەی ئیسرائیل دوێنێ ١٧ کۆمەڵکوژی نوێی لە هەموو ناوچەکانی ناوچەکە ئەنجامدا، ٢١٤ کەس گیانیان لەدەستداوەو زیاتر لە ٣٠٠ کەسیش برینداربوون و ژمارەیەکی زۆر لە زیانبەورکەوتووان هێشتا لەژێر داروپەردوو وێرانەکان و لەسەر ڕێگاکاندان.