" بۆ ساڵی داهاتوو زیاتر لە ١٨٠ ملیۆن کەس پێویستییان بە هاوکاری هەیە"

ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بڵاویكردەوە، بۆ ساڵی داهاتوو ١٨٠ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار كەس لە جیهان بەهۆی شەڕ و ململانێكان و گۆڕانی کەشوهەوا و چەند هۆكارێكی دیكە،پێویستیان بە هاوكاریی مرۆیی هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی ژمارەی ئەو هاوڵاتییانەی پێویستییان بە هاوكاریی مرۆیی هەیە لە جیهاندا و قەبارەی ئەو پارەیەش، كە پێویستە بۆى دابین بكرێت، بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوەو تییدا هۆشداری داوە لە دۆخێكی مرۆیی مەترسیدار لە جیهاندا لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤دا، چونكە ١٨٠ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار كەس لە جیهان پێویستی بە هاوكاریی مرۆیی هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستیان بە ٤٦ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلارە.

 

 ئاماژە بەوەشكراوە، ململانێكان، شەڕەكان، گۆڕانی دۆخی كەشوهەوای لەناكاو و دابەزینی ئابووریی تاكەكان كاریگەری گەورەی لەسەر بارودۆخی گرووپە لاوازەكان درووست كردووە، ئەگەر شكست بهێنن لە دابینكردنی بودجە بۆ گەیاندنی هاوكاری مرۆیی، ڕەنگە كێشەی گەورە ڕووبدات، دواجاریش ئەو هاوڵاتییانە باجەكەی دەدەن.

 

لە بەیاننامەکەدا ئەوەشڕاگەیەندراوە، شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە كەرتی غەززە و بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی وەك سودان و ئەفغانستان لە ناوچە كێشەدارەكانن، كە پێویستیان بە ئۆپەراسیۆنی مرۆیی بەرفراوان هەیە، بەڵام لە بەرامبەردا ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو بڕە پارەیەی، كە پێویستە بۆ پاڵپشتی مرۆیی ساڵانەی كەمكردەوە، ئەمەش بووە هۆی كەمبوونەوەی هاوكارییەكان، هەروەها ئەو پشتگیرییەی، كە لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە هەیە، هاوسەنگ نییە لەگەڵ پێداویستییەكان.