ئەقڵیەتی پیاوسالاری؛ لە سلێمانی دوو ژن کۆتایی بە ژیانیان هێنرا

لە دوو ڕووداوی جیاوازدا، دوو ژن لەلایەن هاوژینەکانیانەوە هێرشیان کرایەسەر و بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

٤ی کانوونی یەکەم ژنێک بە ناوی دەروون کاوە، دایکی دوو منداڵە و لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە، لەلایەن هاوژینەکەیەوە سووتێنرا و دوێنێ لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی سلێمانی گیانی لەدەستدا.

 

بەگوێرەی زانیاری شایەتحاڵێکی نزیک لە ڕووداوەکە بۆ میدیایەک ڕایگەیاندووە، دوو ڕۆژ پێش ئێستا ژنێک بە ناوی "دەروون کاوە" کە تەمەنی لە نێوان ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵدایە، دوای ئەوەی ئەشکەنجە دراوە و هەوڵی خنکاندنی دراوە، لەلایەن هاوژینەکەیەوە نەوتی بەسەردا کراوە و سوتێنراوە، بەهۆی زۆری ڕێژەی برینەکەیەوە، ٥ی کانوونی یەکەم لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی تایبەت بە سووتاوی لە شاری سلێمانی گیانی لەدەستدا.

 

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو ژنە دایکی دوو منداڵە و یەکێکیان تەمەنی شەش ساڵە و ئەوی تریان تەمەنی دوو ساڵە، لە نەخۆشخانە ئەو ژنە بە باوکی گوتووە، کە مافی لە هاوژینەکەی وەربگرنەوە، چونکە هێرشی کردووەتە سەر و سووتاندووێتی.

 

ژنێک کوژرا

لەلایەکی دیکەوە شەوی ڕابردوو، لە گەڕەکی بەکرەجۆی شاری سلێمانی، پیاوێک دوای دوو ساڵ لە هاوسەرگیری، هاوژینەکەی بە ناوی ئەسما ئەمین، تەمەن ٢٣ ساڵ، بە چەقۆ بریندار دەکات.

 

دوای ڕووداوەکە ژنەکە گەیاندراوەتە نەخۆشخانە، بەپێی وتەی سامان نادر، ژنەکە نەشتەرگەری بۆ کراوە، بەڵام بەهۆی خوێنێکی زۆری لێ ڕۆشتووە، دوای نەشتەرگەری گیانی لە دەستدا.

 

بەپێی وتەی عەمید ئاسۆ شێخ تەها، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئەو تاوانبارەی هاوژینەکەی کوشت لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکرا و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانیش ڕایگەیادن، به‌هۆی‌ تایبه‌تمه‌ندی‌ دۆسیه‌كه‌وه‌، تۆمه‌تبار ڕاده‌ستی‌ بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان‌و خێزان كرایه‌وه‌ و له‌ ئێستادا تۆمه‌تبار "ب، ن، ع" له‌دایكبووی‌ ١٩٩٥ به‌ بڕیاری‌ به‌ڕێز دادوه‌ر و به‌پێی‌ مادده‌ی‌ ٤٠٦ له‌ یاسای‌ سزادانی‌ عێڕاقی‌ ڕاگیراوه‌ و لێكۆڵينه‌وه‌كان به‌رده‌وامه‌.