زیاتر لە هەزار منداڵی کارکەر لەسەر شەقامەکانی سلێمانین و توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت

بەپێی دواین ڕووپێوی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێم، زیاتر لە هەزار منداڵی کارکەر لەسەر شەقامەکانی سنووری سلێمانی کاردەکەن و ڕووبەڕووی توندوتیژیی جەستەیی و زایەندی و دەروونی دەبنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی ھەرێم، مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، ڕووپێوییەکی لە سەر منداڵانی کارکەر لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین ڕاگەیاند.، کە یەک هەزار و ٤٦٦ منداڵ لەسەر شەقامەکان کار دەکەن.

 

لە کۆی ڕێژەی ئەو منداڵە کارکەرانەی کە ڕاگەیەندراوە، هەزار و ١٠ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ١٢٤ لە ھەڵەبجە، ٢١١ لە ئیدارەی گەرمیان و ١٢١ منداڵی کارکەریش لە ئیدارەی ڕاپەڕین هەن.

 

سەبارەت بە ھۆکارەکانی پشت کارکردنیان، دەرکەوتووە لە ٩٤.٩٩٪ـی منداڵان بەھۆی ھەژاری خێزانەکانەوە بووە و لە ٤.٢٪ وەکو ھەستکردن بە بەرپرسیاریتی کاردەکەن.

 

منداڵانی کارکەر ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە

ڕووپێوییەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو لە ٤٠.٢٪ی ئەو منداڵانەی کاردەکەن ڕووبەڕووی توندوتیژیی جەستەیی بوونەتەوە چ دەروونی بێت یاخود سێکسی یان ئازاری جەستەیی و زارەکی بێت.