ژنۆلۆژی: هه‌ستی به‌ ڕێكخستنمان ده‌توانێت ئازادی مسۆگه‌ر بكات

کۆمیتەی ژنۆلۆژیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەبۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم، بابەتێکی بڵاو کردووەتەوە ئاماژە بەوە دەکات، لەپێناو بەدەستهێنانی ژیانێکی ئازاددا، بێ شک و گومان پێویستە هەستەکان بە سیاسیی بکرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتژیی دژی ژنان، کۆمیتەی ژنۆلۆژی- ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕوانگەی شیکردنەوەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا شی کردووەتەوە بۆچی پێوسیتە هەستەکان بە سیاسیی بکرێن.

 

تێیدا هاتووە: ئه‌گه‌ر له‌ ده‌ربڕینی هه‌ڵوێست و ناره‌زاییه‌كانمان زه‌حمه‌تی ده‌كێشین، هۆكاره‌كه‌ی به‌ سیاسی نه‌كردنی هه‌سته‌كانمانه، چوونكه‌ له‌ بڕیارداندا دوو دڵین، ئه‌م دوو دڵییه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌سته‌كانمان، له‌و بواره‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی به‌ سیاسیكردنی هه‌سته‌كانمان ڕێبه‌ر ئاپۆ ئه‌م شیکردنەوەیە پێش ده‌خات:

 

ڕێبه‌ر ئاپۆ‌: هەر چ بەشێکی گەردوون لە دەرەوەی مرۆڤیش بێت ئەگەر لە مرۆڤدا وەرنەچەرخێتە هزر و هەست، ناکرێت باس لە یەکانگیریی وزە و ماددەی تێدا بکرێت. ئەوەی کە پێی دەڵێین مێژووی گەردوون، مەبەستمان لەو ڕاستیەیە.

 

ئەگەر بمانەوێ ڕیشەی هەست و هەبوونی هەستمان واتادار بکەین، ڕاستتر وایە بە پەیوەستکردنی بە مێژووی گەردوونەوە دەست پێ بکەین، لەبەرئەوەی کە بوارەکانی هەستمان "دەنگ، تام، بۆن، بینین، بەرکەوتن، بیستن" پابەند بە گەردوون، دونیای ناخمان، کۆمەڵگەبوونمانەوە، دونیای کارتێکەری زیندووێتیە، ئەو دونیای کارتێکەری زیندووێتیە و ڕیشەی هەستمان بەر لە بوونمان لەم گەردوونەدا لە زۆر زیندووی دیکەدا پەرەیسەندووە. ڕەمەک، هەست و نەست پەیوەست بە یەکەوە گەشەیان کرد.

 

هەرچەند گوزارە بن لە ئاستێکی پێشکەوتووتری مرۆڤ، بەڵام ڕیشەکەی لە مێژووی گەردووندایە، هەست وەک وشە لە زۆر زمان دا، لە واتای گشتیدا تەنیا گوێدانە هەندێ دەنگ نیە بەڵکو هەستیاری، کۆی هێز و وزەی هەبوونێکی زیندووە لە پەیوەندیدا لەگەڵ جیهانی دەرەوەی، ئەگەر وەها بیری لێبکەینەوە ئەوە درک بەوە دەکەین کە هەست چ وزەیەکی بەرز و هێزێکی ناوازە، بێسنوور، هەمەڕەنگ و ئازادبەخشە.

 

هەنگاوی یەکەمی درککردن بە هەست بایەخێکی ژیانیی هەیە لە واتاکردنی هەبووندا، ئەگەر درک بەو بایەخە بکەین و ڕێکخستنی بکەین، لە کات و جێی ڕاستدا بیخەینە کار، ئەوە دەتوانین ببینە تاک و تێکۆشەرانی بەکاریگەر لەبەرامبەر ئەو زوڵمەی کە لە سروشتی کۆمەڵایەتی و سرووشتی یەکەم بەڕێوە دەبرێت.

 

دەتوانین بێسنوور لە بەرامبەر ئەو زوڵمە بە کاریگەر بین، ڕێبەر ئۆجالان بە درێژایی تێکۆشانی، هەمیشە بە وشیاری و زاناییەکی قووڵەوە وەک دیاردەیەکی بنەڕەتی مامەڵەی لەگەڵ هەست کرد، واتاداری کرد و لێی تێگەیشت، مەزنی کرد و پێناسەی کرد، هەروەها هەست بووە دیاردەگەلێکی بنەڕەتی واقیعی کۆمەڵایەتی.

 

ڕێبەر ئۆجالان هەتا قۆناغی ئیمرالی لە هەموو شیکردنەوە ئایدۆلۆژی-ڕێکخستنیەکاندا کە بواری کۆمەڵایەتیی و دەروونیی زۆر بەهێز و قوڵبوون، ڕاستی کادر و کۆمەڵگەی پەیوەست بەهێزی هەست و ئاستی هەستەوە خستەڕوو، لە فەلسەفەی ئازادیی و تێکۆشانەکەماندا ڕاستی هەست لەگەڵ ڕاستی ڕایبەرایەتی گرێدراوەتەوە، هەمیشە ڕاستی هەست لە ناسینیدا، ڕێزگرتن لە هەست، شکۆدارکردنی هەست، بەدەستهێنانی هەستی جوان، فێربوونی ، پێشخستنی، ئافراندنی بەڕێبازی تێکۆشانەوە بەستراوەتەوە.

 

هەروەها درککردن بە هەستی ناشیرین و خراپ، لە پێناسەکردنیدا، پەروەردەکردنی، ناسینی سیاسەتی پوچەڵکردنەوەی هەست و وشکردنی بەڕاستی کەسایەتیەوە مامەڵەی لەگەڵ کراوە، بە پێشخستنی پارادایمی شارستانی دیموکراتی هەڵوێستی سەرەکیمان لە ڕاستی کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی سیاسیدا هاوسەنگکردنی هێزی ژیری هەستیاری لەگەڵ ژیری شیکارییە.

 

لەو ساڵانەی کە ڕێبه‌ر ئۆجالان لە سووریا مایەوە لە ڕاستی کادردا زیاترین شیکردنەوەی لەسەر هەست کرد، شیکردنەوەی لەسەر ئەو هەستانەی مرۆڤ کرد کە کاریگەری لەسەر شەڕ، سیاسەت، تێکۆشانی ئازادیی و ژیان دەکات، لە بواری پەروەردەدا، بەڕێبازی گفتوگۆ، باڵابوون و دابەزینی هەستی وەک بابەتی پێشخستنی شۆڕش خستە ڕۆژەڤی کادرەوە و ئەوەشی لە هەموو کات و جێیەکدا لەگەڵ ڕێکخستن بەش کرد، زۆر بەکراوەیی باسی لە هەستی خۆی و ئەزمون و پەیوەندییەکانی کرد، چەندین جار ئەو ڕاستییەی نیشانداین کە بێ پێشخستنی هەستی باڵا، خۆشەویستی و ئەشق پەرە بە تێکۆشانی ئازادی نادرێت، پێوەرەکانی ڕاستگۆیی لە هەستدا ڕاگەیاند.

 

لە هەموو دیالۆگێکیدا، لەهەر بوارێکیدا ڕووبەڕوومان بووبێتەوە دەیووت: هەستی نوێتان تێدا پێشدەکەوێت؟ دەی باسی بکەن، چ هەستێک گەشەیکردووە لە ئێوەدا؟ دەیویست جیهانی هەستمان تێبگات، وشیاری خۆی لە ئاست هەستدا نیشان دەدا: هەستی جوان پەیوەندی بەڕاستی کۆمەڵگەییەوەیە. هەستی جوان لە ئێمەدا ناکرێت دابڕاو لە ڕاستی کۆمەڵگە، تەنانەت لە ڕاستی خاک بێت. هەروەها ناکرێت ئازادی وەک چەمکێکی جیاواز ببینرێت، بێ ئەوانە هەست نابن.

 

هەست پەیوەندی بە بواری کۆمەڵایەتیەوەیە. گەورەیی هەست، پێکەوەژیانی ئابڕومەند و شکۆدارانەی ئازادی، لە نزیکەوە پەیوەندی بەئاستی تێکۆشانی کۆمەڵایەتی و سیاسیەوەیە . پێموایە کرانەوەیەک لە جۆش و هەستاندا سودمەند دەبێت. زۆر گرنگە کە هەست بەوریاییەوە پەروەردە بکرێت و پێشبخرێت. هەست و هزری ژێربەژێر زیانمەندن. کەی بڕیاری دەرخستن و ڕاست ئاراستەکردنی بدەین، سودی بۆ هەموو کەسێک دەبێت. دەبێ هەستتان پێشبخرێت، دەبێ بەهەستیارییەکانتان هەست بە هەندێ شت بکەن.

 

ڕۆژێک ئەگەر تێدا هەست بەوە نەکەم کە جوانترین هەستم پێشخستووە یان ئیرادەیەکم لەخۆدا خوڵقاندووە کە هەموو ستەمکارییەک بڕوخێنیت، ئەوەی حسابی ئەوەی بۆ ناکەم کە ئەو ڕۆژە پڕاوپڕ ژیاوم. ناتوانم هەست بکەم، دەتانەوێت هەستی باشتان هەبێت بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی زانستی لەسەر ناکەن، دەبێ بەدڵنیاییەوە لەسەر ئەو بابەتە تێکۆشانێکی لێبڕاوانەتان هەبێت. مەگەر لەئەنجامی تێکۆشاندا بگەنە هەستی مەزن. شەڕ بۆ گەیشتن بە پێکهێنان و بەرجەستەکردنی هەستی جوانە. شەڕ لە پێناوی ژیانێکی نایاب و ڕێزداردایە. لەپێناوی بەرجەستەکردنی ژیانێکی ئابڕومەنددایە. هەستی مەزن و قوڵ لە سەر چ بنەمای گەشەدەکات.

 

دیارە و ئەوەی ئێمە هێناومانەتەئاراوە، هەستێكی مەزنە، پێگەیشتووە، ناوەرۆکیان تژەیە و ئازادیخوازن.گرنگ بەرژەوەندی گەلە. لەئەنجامیشدا ئەزمون و پراکتیکێک لەئارادایە. ئەوەی بەرجەستە بووە هەستەکان باڵا دەکەن، ئەوەی بۆ گەل هەستی خۆی گەڵاڵە بکات، هەستی مەزن دێنێتەئاراوە، ئەشقی مەزنیش دێنێتەئاراوە.

 

ڕێبه‌ر ئۆجالان ساڵانێکی درێژ بە شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنەکانی لەسەر هەست، ئەو بابەتەی خستە رۆژەڤەوە، پێناسەی کرد، شیکردەوە و هەڵسەنگاندنی قووڵی لەسەرکرد. بە بایەخەوە لەسەریەک باسی هەستی کرد، باسی گەورەیی هەستی کرد، باسی ئەوەی کرد مرۆڤ چۆن دەرک بەهەستی خۆی بکات، پێناسەی هەستەکانی کرد، قسەی لەسەر ڕێکخستنکردنی هەست کرد، ئاماژەی بە گەمەنەکردن بە هەست و ئەو بوارانە کرد کە لە ئەنجامی گەمە کردن بەهەست، لەناوبراون. ئەو هەستەی چەندین ساڵ لە سووریا شیکردنەوەی لەسەرکرد و لە پرۆسەی ئیمرالیدا هەمیشە بە زیندوویی هێشتەوە، هەبوون و وزەی هەبوو.

 

لەو بەرگرینامانەی لە ئیمرالی نوسی دەڵێت:  گەشەکردنی هەست خۆی لە خۆیدا پەرجوویەکە، هەست وەک ئەو هەبوونەیە کە تێکدەدات، دووچاری شكستت دەکات، ڕادەپەڕێنێت، بچوک و مەزن دەکات، دەخنکێنێت، باڵت پێدەگرێتەوە، دەخات، دەفڕێنێت و کوێر دەکات و هتد پێناسەکرد.

 

بە زۆر دەستەواژە پێناسەی هەستی کرد. بۆ مەزحنبوونی هەستەکانمان، تێگەیشتن و دەرککردنمان، هێزی هەستمان و بێهێزیان، ڕێکخستنکردنی هەستمان، دەرهاویشتە و ئەنجامەکانی هەستی ڕێکخستن نەکراو چ کارتێکەرییەکی هەیە لەسەرئاستی ئازادی، ئۆجالان لەهەموو بوارێکەوە شەنوکەوی کرد، لەو بارەیەشەوە ڕەنجێکی ناکۆتای دا.

 

ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵە ئەو ڕەنجبەرییە بەردەوامە و هەتا ئێستاش بۆ ڕاست مامەڵە کردن لەگەڵ هەست، ڕێنمایی دەخاتەڕوو. هەموو دەزانین کە پێکهێنانی سیستەمی سەرمایەداری بە لەناوبردنی هەستەکانی مرۆڤ و بەبەزاندنی ژیری هەستیاری پەرەیسەند و ئەگەر هەستی مرۆڤ زیندوویی و کاریگەری لەسەر ژیان بپاراستایە، ئەو سەرمایەدارییە پەرەینەدەسەند کە ژیانی لە مرۆڤەکان کردۆتە دۆزەخ و فاشیزم بەرەو پێشەوە نەدەچوو. هەر ئەو سیستەمی سەرمایەدارییە لە ماوەی ئەم بیست سی ساڵەی دواییەدا کۆنترین و ڕیشەدارترین پاڵنەری ژیان کە هێزی هەستە، بۆ بەرزکردنەوەی هەڵپەی قازانج و لۆژیکەکەی، خستە سەودا و مامەڵەوە.

 

بە ئاشکرا پڕوپاگەندەی ئەوەیان دەکرد، ئەگەر ژیانی هەستیاری مرۆڤ، هێزی هەستی بخەنە گەڕ و ڕێکخستنی بکەن، بێ ئەوەی هەستی پێبکەن دەتوانن داگیرکاری لەسەر کرێکاران بەڕێوەبەرن، نەک تاک بەتاک بەڵکو پۆل پۆل دەتوانن بیانخەنە خزمەتی سەرمایەدارییەوە». سیستەمی سەرمایەداری ئیتر ئەوانەی بە شێوەیەکی ئاشکرا دەردەبڕی.

 

ڕێبه‌ر ئۆجالان بەئامانجی ڕێگرتن لەو داگیرکارییانەی سیستەمی سەرمایەداری و بۆ ئەوەی کە هێزی هەستی مرۆڤ بخاتە خزمەتی ئازادیەکانی تاک و کۆمەڵگەوە، بە شیکردنەوەکانی لەسەر هەست ڕێ و شوێنە کۆمەڵایەتی، ئایدۆلۆژی و سیاسییەکانی دەگرتە بەر. رێبه‌ر ئۆجالان وەها درێژەی بە شیکردنەوەکانی دەدا؛ " پرەنسیپی هەست و وشیاری، دەبێ هەستەکانمان سروشتی بن. ئەوە ڕێوشوێنێکە، واتە لە ماهیەتی کۆمەڵایەتی، سیاسی و هەستیارییەوە ڕێوشوێنێکە. تەنانەت دەبێ هەستمان پەروەردە بکەین، دەبێ ئەو هەستەشی کە نیمانە پێشبخەین".

 

له‌ به‌رامبه‌ر هه‌موو جوره‌ هێرش و جوانییه‌كان ده‌بێت زۆر به‌ وریایی و زانستەوە خاوه‌ن هه‌ڵوێست بین، ئه‌گه‌ر وه‌كو ژن به‌ ئیراده‌ و هێزێكی له‌ سات و وه‌ختی خۆی خاوه‌ن بڕیار و هه‌ڵوێستی پێویست نه‌بین، ئێستا کە له‌ سه‌ر جه‌ستە، فكر، كلتور، ئه‌خلاق، كۆمه‌ڵگە و سروشت هێرشێكی دژوار هه‌یه‌، ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌بن به‌ قوربانی ژنان، منداڵان و كه‌سانی هه‌ژارن، ته‌واوی نرخ و جوانیه‌كانی ئه‌م ژیانه‌ له‌ناو ده‌بردرێن. ئه‌گه‌ر خاوه‌نداری له‌ به‌رخودان و تێكۆشانی ٢٥ـی نۆڤەمبەر بكه‌ین، ده‌بێت به‌ زانستی ژنۆلۆژی، شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی به‌ره‌وه‌ سه‌ركه‌وتن ببەین، هه‌ستی به‌ ڕێكخستنی ئێمه‌ ده‌توانێت ئازادی مسۆگه‌ر بكات.