لە شاری کۆیە بازاڕێکی پایزە بۆ ژنانی دەست ڕەنگین کرایەوە

بازاڕێکی پایزە بۆ ژنانی دەست ڕەنگین لە شاری کۆیە کرایەوە، کە ئەم بازاڕە بووەتە نەریتێکی ساڵانە و ئەو ژنانەی دەست ڕەنگین و بەهرەدارن تیایدا بەشداری دەکەن.

ئەڤین جبرائیل

 

کۆیە- ئێوارەی دوێنی لە شاری کۆیە ڕێکخراوی ئۆسکار بۆ پەرەپێدان بە توانای ژنان بازاڕێکی پایزەیان بۆ ژنانی دەست ڕەنگین کردەوە، کە ئەم بازاڕە بووەتە نەریتێکی ساڵانە و ئەو ژنانەی دەست ڕەنگین و بەهرەدارن تیایدا بەشداری دەکەن، تا بتوانن لەڕێگەی ئەم بازاڕەوە کارەکانیان بخەنەڕوو،

 

نیگار حەمەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕی ڕێکخراوی ئۆسکار، لەبارەی بازاڕەکەوە وتی: ساڵانە ئێمە بازاڕ دەکەینەوە بۆ ئەو ژنانەی کە کاردەکەن لە ماڵەوە، تا بێن بەرهەمەکانیان ساغ بکەنەوە، هەم بۆ ئەوەی بتوانن داهاتێک بەدەست بێن بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانیان، هەم بۆ ئەوەی ببنە خاوەن کار، ساڵانە داوا لە ژنان دەکەین لە ماڵ بێنە دەرەوە و بەرهەمەکانیان بە بازاڕ بکەن.

 

ئارا هەردی تەمەنی ١٣ ساڵە و بە کارە دەستییەکانی بەشداری لە بازاڕەکەدا کردووە، کە پێکهاتووە لە کەرەستەی کوردەواری وەک حێل و مێخەک، ملوانکە، گوارە و جوانکاری سەر جلی کوردی، دەشڵێت: پێویستە ڕێکخراوەکان گرنگی بە کردنەوەی ئەم جۆرە بازاڕانە بدەن، بۆ ئەوەی من و ئەوانەی تریش بتوانین بابەتەکانمان نمایش بکەین.

 

نیگار محەمەد، من بە دروستکردنی کارە دەستیەکانی مۆم، جوانکاری، پەیکەر، گوڵ، گۆزە و مەدالیا بەشداری کردووە و دەڵێت: سوپاسی ڕێکخراوی ئۆسکار دەکەم بۆ پیشاندانی کولتووری کوردی و نەتەوەیی و خستنەڕووی توانای ژنان بەتایبەت ئەو ژنانەی لە بواری ماددیەوە سەربەخۆ نەبوون و ئەمە دەرفەتێکە بۆ سەربەخۆ بوونی لایەنی ئابووری و دواتر لایەنی فکریمان.

 

سەمیرە یاسین، بەرپرسی پڕۆژەکانی ڕێکخراوی ئۆسکار، ئاماژەی بەوەدا ساڵانە چەندین پێشانگا دەکەنەوە بۆ ژنان لە بوارەکانی خواردنی کوردەواری، شیرنەمەنی، جوانکاری ناوماڵ و جلوبەرگی کوردی، ڕستن و چنین و جۆرەها بابەتی تر، زۆربەی بەشداربووەکان دەرچوی زانکۆ و پەیمانگاکانن و کاریان نییە لە ڕێگەی کاری دەستی خۆیانەوە خۆیان بەڕێوە دەبەن.

 

سۆزیار گڵوک، بە بەرهەمی چنین بەشدارە و دەڵێت: هەموو بەرهەمەکانم کاری دەستی خۆمە، بەبێ بەکارهێنانی هیچ ئامێرێک و تەنها بە دەست و پەنجەکانم ئامادەم کردوون، هەموو بەرهەمەکانم لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان بڵاو دەکەمەوە و شوێنێکی باشە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانم.

 

جێی ئاماژەیە، ژنان خۆیان دەستپێشخەرن کە لە کاتی بوونی هەرجۆرە چالاکیی وفێستیڤاڵ و بۆنەیەکدا توانا و بەهرەکانی خۆیان نیشان دەدەن، لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر، بەشداربوونی ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەتن، کە بەهرەکانیان لە بازاڕەکەدا خستەڕوو.