بەهۆی لافاوەوە لە ڤێتنام هەزاران ماڵ چۆڵکرا

بەهۆی بارانێکی زۆرەوە لە ڤێتنام لافاو دروستبوو، هەزاران ماڵ چۆڵکران و زیاتر لە دوو هەزار کەس ناچاربوون ماڵەکانیان جێبهێڵن.

ناوەندی هەواڵ

 

لافاو و بارانێکی زۆر شاری کۆنی هوی ڤێتنامی گرتەوە، کە شوێنی گەشتیاری کەلەپووری جیهانی یونسکۆی تێدایە، هەزاران ماڵ زیانیان بەرکەوت و ڕێگا خێراکانی داخست.

 

وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکان کە ڕۆژی ١٥ی تشرینی دووەم لەلایەن میدیاکانی دەوڵەتەوە بڵاوکراونەتەوە نیشانی دەدات کە دانیشتوان بە بەلەم دەگەڕێن بەناو شەقامەکانی شاری هویدا، ماڵ و ئۆتۆمبێلەکان بەشێکیان لافاو بردوونی.

 

دانیشتوویەکی هوی بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە: شارەکە کارەبای نییە، لە هەموو شوێنێک لافاو بووە و لە شەوی سێشەممەوە ئاستی ئاو زۆر بە خێرایی بەرزبووەتەوە.

 

لە ١٣ی تشرینی دووەمەوە بارانێکی زۆر چەندین پارێزگای بەدرێژایی کەناراوەکانی ڤێتنام گرتەوە، کاربەدەستان ئەمڕۆ ڕایانگەیاند زیاتر لە دوو هەزار کەس ماڵەکانیان چۆڵکردووە لە پارێزگای کوانگ تری ناوەندی ڤێتنام،سێ کەسیش تێیدا بێسەروشوێنن.

 

هەندێک لە بەشەکانی ئەو ڕێگا خێرایەی کە ڤێتنامی باکوور و باشووری بەیەکەوە دەبەستێتەوە بەهۆی لافاوەوە داخراون و کارەساتە سروشتییەکان بەتایبەتی لافاو و ڕووخانی زەوی لە ڤێتنام لە سەرەتای ئەمساڵەوە بوونەتە هۆی گیان لەدەستدان و بێسەروشوێن بوونی ١٣٦ کەس.