"لەم بزووتنەوە ئاشتیخوازەدا، ژنان هیچ ترسیان نییە"

ژنان لە سوەیدا بەردەوامن لە ڕێپێوان بۆ گۆڕەپانەکان بۆ داواکردنی مافەکانیان و جەخت دەکەنەوە لەسەر سووربوونیان بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و مافە دزراوەکانیان.

سوەیدا

 

ژنان لە سووریا چەندین ساڵە لەژێر دەسەڵاتی بەعس و تێڕوانینی کۆمەڵایەتیدا چەندین کێشەیان هەیە، بووەتە هۆی پەراوێزخستنی ڕۆڵیان و بێبەشکردنیان لە مافە سەرەتاییەکانیان، وای لێکردن جارێکی دیکە بچنە مەیدانەکان.

 

بە بەشداری ژنان، خەڵکی سوەیدا ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی تشرینی دووەم لە گۆڕەپانی کەرەمە کۆبوونەوە بۆ داواکردنی مافەکانیان و داوای ڕووخانی ڕژێم و جێبەجێکردنی بڕیاری سیاسی ٢٢٥٤ و گواستنەوەیەکی ئاشتیانە و یەکسانییان کرد.

 

سامیە ئەبو تورابی وتی: ئەوەی وای لێکردم بچم بۆ گۆڕەپانی کەرەمە، بارودۆخی ئابووری سەخت و شەرمەزارییە کە چەندین ساڵە تێیدا دەژین و ناتوانم بەردەوام بم لە چارەسەرکردن، نەخۆشییەکەم پێویستی بە چارەسەری زۆرە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی سەختی ئابوورییەوە ناتوانم جارەسەر وەربگرم.

 

ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندانی تەندروستی و پزیشکان بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەدا کرد، پزیشک لوجەین حەمزە وتی: ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی کەرەمە ئامادەین وەک بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگە،  زۆر ئازار دەچێژین بەهۆی کەمی کارمەندانی پزیشکییەوە دوای کۆچکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات، ئەمەش بارگرانییەکانی لەسەر شانمان زیاد کردووە.

 

لە لایەکی دیکەوە، پزیشک ئیمان عەبدۆ وتی: ئەوەی وای لێکردم بەشداری خۆپیشاندان بکەم ئەوەیە کە داواکارییە ڕەواکانمان و مافەکانمان وەک ژنان بەدەست بهێنین، هەوڵ دەدەین بارودۆخی ئابووریمان باشتر بکەین و داواکارییەکانمان بەدەست بهێنین بۆ ئەوەی بە شکۆمەندی و ئازادی بژین، وەک پزیشک، زۆر ئازار دەچێژین بەهۆی نەبوونی پێزانینیان لەلایەن هیچ لایەنێکەوە، جگە لەو کەموکوڕییە گەورەیەی لە نەخۆشخانەکانی سەر بە حکومەت هەیە.

 

پەیامێکی بۆ هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە، بەتایبەت ژنان، نارد بۆ ئەوەی بچنە گۆڕەپانەکان و داوای مافەکانیان بکەن، وتی: لەم بزووتنەوە ئاشتیانەیەدا، ژنان هیچ ترسێکیان نییە چونکە ئازادن و خۆپیشاندانەکانیان بەردەوام دەبێت هەتا داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێن.