ژنانی خەباتکاری شارەوانی: بەربەستەکانی جیاکاریمان شکاندووە

دوای ئەوەی شاری ڕەققە لە دەستی چەتەکانی داعش ئازادکرا، ئەو ژنانەی کە بەشدارییان لە دروستکردنی شارەکەدا کرد بەردەوامن لە خەباتیان دژی جیاکاریی ڕەگەزی لە شارەوانییەکەدا.

یوسرا ئەحمەد

 

ڕەققە- لە ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧، شاری ڕەققە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتیکەوە لە دەستی چەتەکانی داعش ئازاد کرا، ٦ ساڵ بەسەر ئازادکردنی ڕەققە تێدەپەڕێت، ژنانی بەشداربوو لە بنیادنانەوەی شارەکە بەردەوامن لە خەباتی خۆیان دژی زایەندگەرایی، فەهیمە ئەلجاسم، هاوسەرۆکی شارەوانی گەلی ڕەققە هەڵسەنگاندنی کارەکانی ژنانی کرد لە ڕەققە کە لە دەستی چەتەکانی داعش ئازادکرا.

 

"ژنان لە هەموو بوارەکاندا پێشەنگن"

فەهیمە ئەلجاسم ڕایگەیاند، ژنان لە هەموو ناوچەکانی ڕەققە سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، ژنان پێشەنگن لە بوارەکانی سیاسی، سەربازی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و زۆر بواردا بەپێی ڕێبازەکانی سیستمی خۆبەڕێوەبەری، یەکسانی ڕەگەزی گرنگە لە ژیانی کاردا، ژنان بەو ڕۆڵەی کە گرتویانەتەبەر چەندین دەستکەوتی گرنگیان بەدەستهێناوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان هەوڵدەدەن لە هەموو ئەو شوێنانەدا سەرکەوتوو بن کە بۆی دەچن و وتی: ژنان کارێکی زۆر دەکەن لە بواری خزمەتگوزاری و تەکنیک و ڕێکخراوەکاندا بۆ خزمەتکردنی خەڵک و بونیادنانی شارەکان، لە مێژووەوە تا ئێستا خەباتی ژنان بەردەوامە.

 

"لە هەندێک حاڵەتدا پیاوان بیرکردنەوەکانمان قبوڵ ناکەن"

جەواهیر حەممود، کە لە شارەوانی گەلی ڕەققە لە نووسینگەی تەندروستی کار دەکات، ڕایگەیاند هەمیشە سەردانی تاقیگەی تەندروستی و چێشتخانە و دامەزراوە پیشەسازییەکان دەکەن بۆ پشکنینی جۆری خۆراک و وتی: ژنان لە کاتی کارکردنیاندا ڕووبەڕووی چەندین کێشە و گرفت دەبنەوە، لە هەندێک حاڵەتدا، پیاوان بیرۆکەکانی ژنان قبوڵ ناکەن، بە دڵنیاییەوە ئەم دۆخە کاریگەری لەسەرمان نییە، بەڵکو باوەڕ و بوێریمان زیاد دەکات.

 

"نەریتە کۆنەکانمان شکاند"

فاتیمە حەممود، خەباتکاری شارەوانی، ئەوەی بەبیرهێنایەوە کاتێک لە بازاڕدا دەگەڕێن، ڕووبەڕووی جیاکاری دەبنەوە، بەڵام ئەوە ورە و ئیرادەی ئەوان تێک نادات و وتی: ئەوەی لەدەستیان بێت بۆ بەردەوامبوون لە کارەکان و زاڵبوون بەسەر هەموو ئەو بەربەستانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە دەیکەن.