"ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و ئازادی ژن پێکەوە گرێدراون"

دوێنێ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال هەڵمەتی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، خۆبەڕێوەبەری بۆ شەنگال'ی ڕاگەیاند،  ئەندامانی تاژێ و ئەنجومەنی عەرەبەکان کە بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کردووە، ڕایانگەیاند، دوای ناسینینی فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ ئازادیی خۆمان دۆزیەوە.

هێڤیدار شەنگالی

 

شەنگال- دوێنێ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال پشتیوانی خۆی بۆ هەڵمەتی "ئازادی ئۆجالان، چارەسەری پرسی کوردە"ی دەربڕی و هەڵمەتی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، خۆبەڕێوەبەری بۆ شەنگال'ی ڕاگەیاند،

 

ئەندامانی ئەنجومەنی عەرەب و تەڤگەری ژنانی ئازادی ژنانی ئێزیدی-تاژێ بەشداری هەڵمەتەکەیان کرد و ڕایانگەیاند، ئەم هەڵمەتە بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە و تا ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ ئەم خەباتە بەردەوام دەبێت.

 

"ئازادی ڕێبەر ئاپۆ ژنان لە کۆیلایەتی ڕزگار دەکات"

نەعم بەدەل، ئەندامی هەماهەنگی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی، وتی: هەڵمەتەکەمان بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و کچان و ژنانی دەست چەتەکانی داعش ڕادەگەیەنین، تا ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و گەیشتن بە ئامانجەکانمان بەردەوام دەبین لە هەڵمەتەکەمان، ژنان خۆیان بەڕێوەدەبەن، خۆیان دەوەستنەوە. ژن نابێتە کۆیلەی کەس و چاوەڕێی کەسیش ناکات ئازادی بکات، هەر بۆیە دەڵێین ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و ئازادی ژن بەیەکەوە گرێدراون، تا ئازادی ڕێبەرەکەمان درێژە بە خەبات دەدەین.

 

"ئیدی بەسە، ئێمە ئازادی ڕێبەرەکەمانمان دەوێت"

کەریمە بەرهەو، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی عەرەبی شەنگال دووپاتی دەکاتەوە، کە ئەوان وەک ژنی عەرەب و ئێزدی دەنگی خۆیان بەرز دەکەنەوە و بەشداری هەڵمەتەکە دەکەن، وتیشی: ئێمە دەمانەوێت چارەنووسی ڕێبەرەکەمان بزانین، هەرچییەک ڕووبدات ئێمە لەگەڵ ڕێبەرەکەمانین، ئەو ڕێبەرەی کە بیرۆکە و فەلسەفەیەکی پێبەخشین، ئێمەی ڕزگار کرد و ناوچەکانیشمان ڕزگار کرد، ئێمە وتار و تێڕوانینی ڕێبەر ئاپۆ وەک دیدگایەک بۆ ئازادی خۆمان دەبینین، پێویستە دۆخی ڕێبەرەکەمان بزانین، کە ٢٥ ساڵ تێپەڕیوە و هێشتا لەناو چوار دیوار دایە.

 

"دوای ئاشنابوون بە هزری ڕێبەر ئاپۆ، ڕێگای ئازادیمان دۆزیەوە"

زهور ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی هەرێمی عەرەبەکان، وتی: ئازادی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، ئازادی ئێمەیە، ئێمە و هەموو ئازادیخوازان ئازادی ڕێبەرەکەمان دەوێت، دوای ئاشنابوون بە بیر و هزری ڕێبەر ئاپۆ، ئازادی خۆمان دۆزیەوە، پەیوەندیمان لەگەڵ ئێزدییەکان بەهێز بوو، ئەمڕۆ پێکەوە دەژین و تێکۆشان دەکەین، لە پیر و گەنج، ژن و پیاو و منداڵەوە هەموومان ئازادی ڕێبەرەکەمان دەوێت.