لە مەراسیمێکدا شانۆکارانی دێرینی هەڵەبجە ڕێزلێنانیان پێبەخشرا

لە مەراسیمێکدا ڕێزلێنان لە شانۆکارانی دێرینی هەڵەبجە کرا و ژنانی شانۆکاریش دەڵێن: لە کۆنەوە ژنانی هەڵەبجە خواستی بەشداری کردنیان لە بواری هونەر و شانۆدا هەبووە.

هەڵەبجە

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕێکخراوی دۆستانی هەڵەبجە لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی لاوانی هەڵەبجە و بە دروشمی "ئێوە سەرمایەی سەردەمی زێڕینن، ئێمەش ڕێز لە مێژووتان دەگرین" مەراسیمێکیان بۆ ڕێزلێنان شانۆکارانی دێرینی هەڵەبجە ڕێکخست، کە لە نێوان ساڵانی ١٩٥٦-١٩٨٨ لە شاری هەڵەبجە بواری شانۆیان پێشخستووە.

 

سەمیعە محەمەد، یەکێکە لە شانۆکارە دێرینەکانی هەڵەبجە و وتی: ئێمە خێزانێکی هونەرین و هەموومان شانۆکارین، دایکمان پاڵپشتمان بووە و هاوکاری کردووین، لە ساڵی ١٩٨٢ دەستم بەکاری هونەری کردووە و پاش کیمیابارانیش بەردەوام بووم وەک شانۆکار و پێشکەشکاری مەراسیمەکانی هەڵەبجە، دواین کارم لە ساڵی ٢٠٢٠ ئەنجامداوە.

 

سەمیعە باس لە ژنانی شاری هەڵەبجە دەکات کە هەمیشە پێشەنگ بوون چ لەڕابردوو چ ئێستا و هەمیشە.

 

سوران حەمە فەرەج، یەکێکی دیکەیە لەو شانۆکارە دێرینانە کە ڕێزی لێگیرا و وتی: هەڵەبجە شارێکی زیندووی کوردستان بوو، کە لە ڕووی ئەدەب و هونەر و سیاسیشەوە کێبڕکێی شارە گەورەکانی کوردستانی کردووە،  سەرەڕای کەمی بەشداری ژن لە ڕابردوودا، بەڵام هەڵەبجە لە سەردەمی زێڕیندا بوو کە ژنان دەچوونە سەر تەختەی شانۆ، منیش پاش خوشکانی خوشکم کە لە بوارەکەدا بوو، باوکم دەرفەتی بۆ کردینەوە بچینە بواری هونەرەوە و لە شانۆگەریەکان ڕۆڵم بینی، لەکاتێکدا لە شارەکانی دیکەی کوردستان پیاوان ڕۆڵی ژنانیان دەبینی، بەڵام ئێمە خۆمان بەرجەستەی ڕۆڵەکانمان دەکرد.

 

سوران حەمە فەرەج دەشڵێت: لە ساڵی ١٩٨٤دا لە ڤێستیڤاڵی شانۆی لە دهۆک وەک هەڵەبجە بەشدار بووین و توانیمان دوو خەڵاتی یەکەم ببەینەوە، یەکێکیان بۆ دەقی شانۆیی و ئەویتریان بۆ خەڵاتی کج و باشترین ناواندن بوو کە بەخشرایە من.

 

لە مەراسیمەکەدا چەندین هونەرمەند ڕێزیان لێگیرا و بە گۆرانی و میوزیک مەراسیمەکە کۆتایی هات.