پزیشکانی بێسنوور: هەزاران بریندار لە غەززە مەترسی مردنیان لەسەرە

ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور هۆشداری دەدات، بەهۆی نەبوونی دەرمان، ئاو و کارەبا، هەزاران بریندار لە نەخۆشخانەکانی کەرتی ‌غەززە مەترسیی مردنیان لەسەرە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٧ی تشرینی یەکەم بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند، ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا بە ئۆپەراسیۆنی "شمشێری پۆڵاین" وەڵامی ئەو گروپە چەکدارە فەلەستینییەی دایەوەو تا ئێستا گرژییەکان لەنێوان هەردوولا بەردەوامن، هەروەها دوای هێرشی حەماس، بەرپرسانی ئیسرائیل گەیشتنی کارەبا، ئاو و خواردنیان بە کەرتی غەززە قەدەغەکرد.

 

لە ٢٠ی تشرینی یەکەم، ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشداری دا لە گیانلەدەستدانی هەزاران برینداری نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە، ئەوەش بەهۆی نەمانی دەرمان، ئاو و کارەباوە.

 

گیلمێت تۆماس، ڕێکخەری پزیشکی لقی فەڵەستینی ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور وتی: پزیشکان و پەرستاران هەمان چارەنووسی خەڵکی غەززەیان هەیە، لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا بەردەوام بۆردوومان کراون، هاوکارەکانمان پێمان دەڵێن کە لە سەرەتای هێرشی ئیسرائیلەوە زۆرێک لە پزیشکان و کارمەندانی دیکەی تەندروستی گیانیان لەدەستداوە.

 

کلێر ماگۆن، بەڕێوەبەری گشتی پزیشکانی بێسنوور، داوای لە بەرپرسانی ئیسڕائیل کرد ڕێگە بدەن ناوچەی ئارام دروست بکرێت و وتی: لەم دۆخە مەترسیدارەدا، داوامان لە دەسەڵاتدارانی ئیسڕائیل کردووە کە ناوچەیەکی سەلامەتی ڕاستەقینە ڕێکبخەن بۆئەوەی خەڵک دڵنیابن لە پارێزراوییان لە مەترسی مووشەکەکان.