قەیرانی دوای بوومەلەرزە و گیان لەدەستدانی نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ کەس

ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی ئەم دواییەی ئەفغانستان گەیشتە دوو هەزار و ٤٤٥ کەس، خەڵک لەسەر شەقامەکان دەمێننەوە چونکە ئەگەری دووبارەبوونەوەی بوومەلەرزە هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی ئەم دواییەی ئەفغانستان گەیشتووەتە نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ کەس، مەترسییەکانی دوای بوومەلەرزە بە چڕییەکی زۆرەوە هێشتا بوونی هەیە و خەڵک لە شەقامەکاندا دەمێننەوە.

 

بەگوێرەی هەواڵەکان گەڕان بەدوای کەسانی زیندووی ژێر داروپەردووەکاندا بەردەوامە و ئەگەری زیادبوونی ژمارەی مردووەکانیش هەیە، چونکە ئاستی وێرانبوونی باڵەخانەکان زۆرە و پێدەچێت خەڵکێکی زۆر بمێننەوە لە ژێر داروپەردووی بینا وێرانبووەکاندا.

 

بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی ئەفغانستان کە لە وڵاتانی دراوسێی، لەوانە ئێران هەستی پێکرا، دەیان گوندی بەتەواوی وێران کرد و هەزاران کەسی بریندار کرد.

 

بە هۆی قەیرانەکانی ئەفغانستان پێش بوومەلەرزەکە، لە دوای بوومەلەرزەکەش بەهۆی کەمی خۆراک و پێداویستی تەندروستی و دەرمان لە شارە زیانلێکەوتووەکان دۆخی هاوڵاتیان سەختترە و نەبوونی کەرەستە و پێداویستی، تاڵیبان، کە وەک حکومەتی ئەفغانستان لە قەڵەم دەدات، داوای هاوکاری لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات.