لاوازی هۆشیاری لە ئەفریقا لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا زیاتر دەکات

"هۆشیاری لاواز"ی گەلانی ئەفریقا سەبارەت بە ڕۆڵی گۆڕانی کەشوهەوا لەو قەیرانانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی دروست و خێرا کەمدەکاتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە لوتکەی جوڵەی کەشوهەوا، کە لەلایەن سەنتەری جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چالاکیی کەشوهەوا لە پەراوێزی هەفتەی ئاست بەرزی ٧٨ەمین کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە نیویۆرک بەڕێوەچوو، نەمیرە نەجم، بەڕێوەبەری ڕوانگەی کۆچی ئەفریقا وتارێکی پێشکەشکرد و باسی لە هۆشیاری لاوازی گەلانی ئەفریقا کرد، دەربارەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.

 

نەمیرە نەجم ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە گەلانی جیهان ئاگاداری کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا نین لەسەریان، هەندێکیان هێشتا دان بەوەدا نانێن و پێیان وایە بەرگریان هەیە بەرامبەری، لەنێویاندا دانیشتوانی ئەو ناوچانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانە.

 

وتیشی: مەترسییەکە زیاد دەکات لە نەبوونی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بۆ پێشبینیکردنی کەشوهەوا و ئەو داتایانەی کە پێویستن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکارییەکان، وەک ژمارەی هاوڵاتیان لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان و ژمارەی ئەو کەسانەی کە دەتوانن ڕوو لە شوێنەکانی دیکە بکەن، ئەمەش پێویستی بەوەیە بەجدی کاربکەین بۆ پشتگیریکردنی پلانەکان بۆ کۆکردنەوە و شیکردنەوەی داتاکان لەسەر بنەمای زانستی، بۆ بەشداریکردن لە پلاندانان بۆ پاراستنی ژیان و موڵک و باشترکردنی ژیانی مرۆڤەکان.

 

ئاسایشی خۆراک

سەبارەت بە کاردانەوەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، نەمیرە نەجم لە وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر ئاسایشی خۆراک و کۆچی پەیوەندیدار و هۆشداریدا لەوەی کە خراپتربوونی قەیرانی ئاسایشی خۆراک "نزیکبووەتەوە لە نەبوون"، جگە لە دیاردەی کۆچکردن لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان بەهۆی بێتوانایی خەڵکی گوندەکان لە هاوسەنگی لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا لە ناوچەکانیان لەڕووی کەمبوونەوەی بەرهەم و گەشەی ئاژەڵ و نەبوونی هەلی کار بەس بۆ ئەوەی ژیانێکی قبوڵکراویان بۆ دابین بکات.

 

ناوبراو جەختی لە ڕۆڵی کۆکردنەوە و پێداچوونەوە بە داتاکان کردەوە بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیاردانە، بۆ زانینی کاریگەرییەکانی ئەوەی بە "کۆچی کەشوهەوا" وەسفی کردووە لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان، هەروەها یارمەتیدانی بەرپرسان و پسپۆڕان بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی پێش قەیرانی خۆراک لە جیهاندا کە بە “دڕندەیی و توندوتیژی زیاترەوە” پەرەدەستێنێت.

 

کیشوەری ئەفریقا یەکێکە لەو ناوچانەی جیهان کە زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە، بەتایبەتی لە وڵاتانی قۆڕنی ئەفریقا، وەک ئەسیوپیا و سۆماڵ، یان لە ناوەڕاست و ڕۆژئاوا، وەک چاد و نەیجیریا، کە لە شێوەی شەپۆلی توندوتیژی لافاو، زریان یان وشکەساڵی ڕوودەدەن.