ژنانی سودان داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن کۆتایی بە پێکدادانەکان بهێنێت

بەهۆی پێکدادانە بەردەوامەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەوانەی زۆرترین ئازار دەچێژن ژنانن و داوای پشتیوانی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە.

مەیسا ئەلقادی

 

سودان- پێکدادانەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە ١٥ی نیسانەوە بەردەوامە و نزیکەی ٥ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ٤.٦ ملیۆن کەسی ناچارکردووە ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، پارێزەرانی مافەکانی ژنانی سودانی ئاماژەیان بەوە کردووە کە ژنان بەهۆی پێکدادانەکانەوە زۆرترین قوربانی دەدەن و داوای کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان دەکەن.

 

"شەڕەکان لە ئەنجامی خراپی دۆخی سیاسین"

ویام شەوقی، چالاکوانی فێمێنیستی بەهۆی پێکدادانە بەردەوامەکانەوە لە خەرتوم ئاوارە بووەو ڕووداوەکانی وڵاتەکەی بە خراپی بارودۆخی سیاسی پێناسە کرد و وتی: ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکە کەمی کردووە، کوشتن، توندوتیژی، دەستدرێژی دژی ژنان، ڕفاندن و فرۆشتنی خەڵک زیادی کردووە، ناکۆکییەکان لەوانەیە ببنە هۆی دابەشبوونی کۆمەڵایەتی و نەتەوەپەرستی، لەوە دەترسین کە پێکدادان لە نێوان هۆزەکانیشدا ڕووبدات، سیاسەتمەداران و فێمێنیستەکان هەوڵ دەدەن ڕێگری لەم دۆخە بکەن، هەوڵ دەدەن هەموو ڕێگاکان بگرنەبەر، ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت، ئەوا سودان مافی نەتەوەیی خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە دەوڵەتێکی سەر بە هێزە بیانییەکان.

 

"پێویستە بەزووترین کات ئاگربەست ڕابگەیەندرێت"

ئایتزاز بەکری عەبدوڵا، چالاکوان کە لە پارێزگای کۆردۆفانای باکوور دەژی وتی: دروشمی "نەخێر بۆ جەنگ" لە هەموو شوێنێکەوە بەرز دەبێتەوە و دەبێت بەمزووانە ئاگربەست ڕابگەیەندرێت، هه موو پیاوان و ژنان له سودان و کۆمه ڵگەکانی سه رانسه ر جیهان ده بێت بزانن ئه وانەی زۆرترین زیانیان به رکەوتوەو ئاوارە بوون ژنن، ژنان لەگەڵ منداڵەکانیان خاکەکەیان جێدەهێڵن و ڕووبەڕووی دۆخێکی نادیار دەبنەوە، ئەو کەسانەی کە سودانیان جێهێشتووە و هەڵهاتوون بۆ وڵاتانی دراوسێ تووشی شۆکێکی گەورە بوون چونکە نەیاندەزانی جەنگ ڕوودەدات و خاکەکەیان جێدەهێڵن، پێویستە فشار بخەینە سەر دەسەڵاتداران بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە، دەمانەوێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دراوسێ پشتگیریمان بکەن.