لە کەلار ژنێک بە گوماناوی گیانی لەدەستدا

لە شارۆچکەی کەلار ژنێک کە پێشتر سکاڵای لەسەر هاوژینەکەی تۆمار کردووە، بە گوماناوی گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

عەقڵیەتی ژنکوژ و پیاوسالار کە هەمیشە خواستی توندوتیژی و سەرکوتکردنی ژنی هەیە، بەردەوامە لە کوشتن و هاندانی ژنان بۆ خۆکوشتن، لەماوەی دوو ڕۆژدا دوو ژن لە باشووری کوردستان ژیانیان لێسەندرایەوە.

 

پاشنیوەڕۆی دوێنێ ٢٦ی ئەیلوول، لە شارۆچکەی کەلاری ئیدارەی گەرمیان، ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵ بە ناوی (ن.غ.م) دانیشتووی گەڕەکی سیروان، بەشێوەیەکی گوماناوی سووتا و لەپاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتانەوە گیانی لەدەستدا.

 

بەپێی زانیارییەکان، ئەو ژنە لەلایەن هاوژینەکەیەوە توندوتیژیی دەروونی بەرامبەر کراوە و هاندراوە بۆ خۆسووتاندن. سەرەڕای بە دواداچوونی میدیاکان، بەڵام هیچ یەکێک لە پۆلیسی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزانی گەرمیان ئامادە نەبوون بەرپرسیارێتی لە ئەستۆبگرن و ڕوونکردنەوە بدەن، بەپێی هەندێک زانیاری، ئەو ژنە لەلایەن هاوژینەکەیەوە توندوتیژیی دەروونی بەرامبەر کراوە و کێشەیان لە سەر بینینی منداڵ هەبووە و ژنەکە لە ماڵی باوکی خۆی سووتاندووە و پێش گیان لەدەستدانیشی، سکالای لەسەر هاوژینەکەی تۆمار کردووە.

 

ئەوە لە کاتێکدایە شەوی ٢٥ی ئەلوول، لە گوندی پیرداودی سنووری پارێزگای هەولێر، ژنێكی تەمەن ٣٥ ساڵ، کە دایکی پێنج منداڵ بوو، لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا.

 

لە مانگی ئەیلوولدا ئەمە دەبێتە شەشەم حاڵەتی کوشتن یاخود ناچارکردن بە خۆکوشتنی ژنان لە باشووری کوردستان.