خۆپیشاندانەکانی سوەیدا بەردەوامە و ژنان داوای دەوڵەتێکی دیموکراتیک دەکەن

بزووتنەوەی گەل لە شاری سوەیدای سووریا بەردەوامە، بەشداریکردنی ژنان تێیدا زیادی کردووە و جەختیان لەوە کردەوە، داوای ماف و ئازادی دەکەن و ملکەچی هەڕەشەکانی حکومەتی شام نابن.

ڕوشیل جونیور

 

سوەیدا- لە ڕۆژانی سەرەتای خۆپیشاندانەکانی سوەیدا کە ٢٠ی ئاب دەستیپێکرد، خۆپیشاندەران داوای باشترکردنی بارودۆخی ژیان و گۆڕینی سیستمی سیاسی و ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان دەکەن، هەروەها دروشمەکانی "مافەکانی مرۆڤ مانای ئەوەیە کەس بە برسێتی ناخەوێت" و "نا بۆ توندوتیژی" و "نا بۆ چەک نا بۆ ئاژاوەگێڕیی" بەرزکرانەوە.

 

ژنانی سوەیدا کە بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا دەکەن داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ڕاستەقینە دەکەن، بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی مەدەنی و زانستی لەسەر بنەمای دیموکراسیو مافی گەل و یەکسانی.

 

"ژنان دووهێندە ئازار دەچێژن"

ئیکتیمال بەرجاس، نووسەر و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ وتی: ناڕەزایەتییەکانمان لەو ئازارانەوە سەرچاوە دەگرن کە ئێمە پێی گەیشتووین و هەژاری و برسێتی، بەتایبەتی ژنان دوو هێندە ئازار دەچێژن، لە ڕێگەی هونەرو گۆرانییەوە، ژنان توانیان خۆپیشاندانەکان زیندوو بکەنەوە، بە دروشمی داواکردنی ئازادی و شکۆمەندی و ئەم خۆپیشاندانانە بەردەوامن.

 

ژنان هێمای چیاکان نیشان دەدەن

ئیکتیمال بەرجاس ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا ژنان ترێ و هەنجیر هەڵدەگرن، کە هێمای چیاکانە و خاکەکەیان لە خوێنی منداڵ و داپیرو باپیران کۆکراوەتەوە، وتیشی: ئەو هۆکارانەی کە وای لێکردین بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا بکەین بەهۆی ئەوەوە سەرچاوەیان گرتووە کە برسێتی، هەژاری و شەرمەزاری هەیە.

 

"ئەنجومەنی دروستکراومان ناوێت"

لەجین حەمزە، ئەندامی پلاتفۆرمی جیهانی بۆ مافەکانی مرۆڤ داوای دروستکردنی دەوڵەتێکی مەدەنی زانستی کرد، سندوقی دەنگدانی ڕاستەقینە، نەک هەڵبژاردنی ساختە، وتیشی: ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ٥٠ ساڵ لەمەوبەر لە وڵاتەکەمان بڕیاری لەسەر درا، ئێمە هەڵبژاردنی ڕاستەقینەمان دەوێت، ئێمە شوێنێکمان دەوێت کە کەسێک بتوانێت دەنگی خۆی بگوازێتەوە، ئەنجومەنێکی ڕاستەقینەی گەلمان دەوێت کە لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردرێت نەک ئەنجومەنێک دروست بکرێت.

 

جەختی لەوە کردەوە کە ژنان و پیاوان لە سوریا هەمان داواکارییان هەیە، ئەویش ڕەگەزی دەستوور و دامەزراندنی دەوڵەتێکی دیموکراتییە لەسەر بنەمای ماف و داواکارییەکانی گەل و یەکسانی لە یاسادا بەبێ گوێدانە هیچ پەیوەندییەکی سیاسی یان ئایینی. وتی: دروشمەکانمان هەمان دروشمن، کە ئایین بۆ خودایە، نیشتمان بۆ هەمووان و گەلی سووریا یەکن.